بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلی هەق، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: ڕاگەیاندنەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشندنەوە و چەکدانان، کۆتایی بە سەرجەم هۆکار و پاساوەکانی داگیرکردنی چەند ناوچەیێکی فراوانی خاکی عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە هێنا کە روبەرەکەی دەگاتە زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە و تێیدا زیاتر لە 183 بنکەی سەربازی تورکیا لەنێو خاکی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر دامەزرێندراون لەگەڵ بنکەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا.
ناوبراو وتوشیەتی: داوا لە حکوومەتی عێراقی دەکەین کە چاودێری جێبەجێ کردنی پڕۆسەی ئاشتی بکات و هەموو توانایێک پێشکەش بکات بۆ گەرەنتی کردنی سەرکەوتنی چوونکە ئەوە لە بەرژەوەندی و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراقدا.
قەیس خەزعەلی داوای لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری عێراق بگرنەبەر ئەوەش لەڕێگەی دەستکردنی خێرا بە گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ گەرەنتی کردنی چوونەدەرەوەی تەواوەتی هێزەکانی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە خاکی عێراق.
جەختیشی کردۆتەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەخێرایی جووڵە بکات بۆ وەگرتنەوەی ئەو بنکە سەربازییانەی کە سوپای تورکیایان تێدایە لەنێو خاکی عێراق.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی هەق داواشی کردووە کە لووتکەی عەرەبی بەغدا بقۆزرێتەوە بۆ دەرکردنی بڕیارێک کە تێیدا جەختن لەوە بکرێتەوە بەخێرایی هێزەکانی تورکیا لە عێراق بچنە دەرەوە و ڕێزی تەواو لە سەروەریی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بگیرێت.
هەروەها داواشی کردوە کە حکوومەتی عێراق ئەو لێکتێگەیشتنەی خۆی لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێنێتەوە کە لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا پێشنیار کرا.
خەزعەلی لە کۆتاییشدا وتویەتی: هیوادارین ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ پەکەکە، سەرەتای هێنانەدی ئاشتی و گەرەنتی کردنی مافی تەواوی پێکهاتە و گەلانی ناوچەکە بێت لەنێویشیاندا برایانی کوردمان کە چەند دەیەیە کە خەبات دەکەن بۆ هێنانەدی داخوازییەکانیان و هەروەها پڕۆسەکە ببێتە مایەی چوونە دەرەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق و گەرەنتی کردنی پەیوەندیی دۆستانە و پتەوی نێوان عێراق و تورکیا.
Your Comment