مەریوان قەرەنی، کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕاگەیاند، هەروەها کۆتاییهاتنی هەموو پرۆسەیێکی چەکداری و هەر چالاکییێکیشی ڕاگەیاند کە بە ناوی ئەو حزبەوە بکرێت."
ئاماژەی بەوەش داوە: "هەرچەندە ئەم بڕیارە پەیوەندیی بە خودی ئەو حزبەوە هەیە، بەڵام مایەی پێشوازیلێکردنە، چوونکە هەموو کوردێک خوازیاری ئاشتییە و حەز بە شەڕ ناکات، بۆیە ئەم بڕیارە دەکرێ دەرفەتێکی تازە بێت بۆ ئەوەی ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری کوردستان و تورکیا بچێتە قۆناغێکی گەشەکردوەوە."
بەقسەی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەو پرۆسەی ئاشتییەی کە لە تورکیا و هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە، لە لایەن مەسعوود بارزانی و پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانییێکی تەواوی لێ دەکرێت و وتووشیەتی: "ئەم پشتیوانییەش ڕۆڵی دەبێت لە سەرخستنی پرۆسەکەدا."
مەریوان قەرەنی وتووشیەتی: "پێویستە ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئەو ناوچانەی پەکەکە دەستی بەسەردا گرتوون، لە قەندیل و لە شنگال، خاکی هەرێمی کوردستانن و بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق و کوردستان، ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچانە لە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە، بۆیە بە گرنگی دەزانین کە سەرجەم ئەو ناوچانە ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکرێن".
Your Comment