پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێک بە ناونیشانی (چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد؛ ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان) گوتارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەر پێشکێش کرد و بەشێکیشی تایبەت کرد بە نێوەڕۆکی سەردانەکانی شاندەکەی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.
بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕوان دەکرێت تاوەکوو کۆتایی مانگی حوزەیران، پرۆسەی چارەسەر بەتەواوی سەربکەوێت، ''ئەمە لە روانگەی بەڕێز ئۆجەلانیش بەمشێوەیەیە، لە روانگەی بەرپرسانی وڵاتیش بەمشێوەیەیە".
بوڵدان لەبارەی هەرسێ سەردانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی باسی لەوە کرد، ئۆجەلان زیاتر جەختی لەسەر سێ بابەت دەکردەوە؛ ئەوانیش، "ئاشتی، هاوپەیمانی کورد و تورک، بەدیموکراسی بوونی تورکیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
بە گوتەی پەرلەمانتاری دەم پارتی، ئۆجەلان بە شاندی ئیمراڵی گوتووە، دەبێت برایەتیی کورد و تورک بەهێز بکرێتەوە، هەروەها باسی لەوەش کردووە، ''کوردەکان بە رادەی ئەوەی خۆیان خۆشدەوێت، دەبێت تورکیشیان بە هەمان رادە خۆشبوێت، چونکە ئێمە براین".
بە گوتەی پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە سەردانی یەکەمی شاندەکە بۆ ئیمراڵی، ئۆجەلان بە شاندەکەی گوتووە: ''لە دوایین ۲۰ بۆ ۲۵ ساڵمدا، دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر، تیگەیشتم ئیدی بە چەک و شەڕ و پێکدادان ئەم پرسە چارەسەر ناکرێت. تێگەیشتم جگە لە ئاشتی و ماڵئاواییکردن لە چەک، هیچ رێگەچارەیەکی دیکەمان نییە.''
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی نەورۆزی ئەمساڵەوە هیچ پەیامێکی بڵاونەکردەوە. بوڵدان لەمبارەیەوە دەڵێت، لەڕێگەی بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا داوایان لە ئۆجەلان کردووە پەیامێک لەبارەی نەورۆزەوە بڵاوب کاتەوە. بەرپرسانی حکوومەتی تورکیا لە وەڵامدا لەسەر زاری ئۆجەلان گوتوویانە، ''نیگەران و دوودڵم لەوەی، ئەگەر پەیامێک لەبارەی نەورۆز بڵاو بکەمەوە، کەمتر بایەخ بە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات (بانگەوازی چەکدادان) بدرێت".
شایانی باسە لە کۆنفرانسەکەدا، جگە لە پەروین بوڵدان، هەریەکە لە عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، پارێزەری ئۆجەلان بەشدار بوون.
Your Comment