بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەى تورکمانیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، مەکتەبى سیاسیی بەرەى تورکمانى، لە کۆبوونەوەیێکدا دەستلەکارکێشانەوەى حەسەن تۆران سەرۆکى بەرەکەى پەسەندکرد و بە کۆى دەنگ محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو، گوتەبێژی بەرەکەى بە سەرۆک هەڵبژارد.
حەسەن تۆرانیش پاش دەستلەکارکێشانەوەی، پیرۆزبایی لە محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو کرد کە بووە بە سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق.
ڕۆژی یەکشەممە، حەسەن تۆران، لە نووسراوێکدا بە بێ ئەوەى هۆکارەکەى ئاشکرا بکات، دەستلەکارکێشانەوەى خۆى لە سەرۆکى بەرەى تورکمانى راگەیاند و بەڵێنیدا پشتیوانیی هەر کەسێک بکات کە دەبێتە جێگرەوەی و هاوکاریی بکات.
حەسەن تۆران لە ۲۸ى ئازارى ۲۰۲۱ لە شوێنى ئەرشەد ساڵحى بووەتە سەرۆکى بەرەى تورکمانى، لە ۲۳ـى ئایارى ۲۰۲۲ لە کۆنگرەى دووەمى بەرەى تورکمانى، کە لە کەرکوک بەڕێوەچوو، بە سەرۆک هەڵبژێردراوەتەوە.
بەرەی تورکمانیی عێراق لە ساڵی ۱۹۹۵ لە هەولێر بە سەرۆکایەتیی سەعدەدین ئەرگیج دامەزرا، ئەو بەرەیە ئامانجی خۆی بە پاراستنی پەکپارچەیی خاکی عێراق و داکۆکیکردن لە تورکمانەکانی عێراق ناساندووە.
زۆربەی چالاکییەکانی بەرەی تورکمانیی عێراق لە سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و هەولێر و نەینەوادایە.
Your Comment