عەباس عێراقچی:
لەسەر بنەمای دانوستانەکان لە ئەمریکا نزیک بووینەوە
دانوستانی "ناڕاستەوخۆ"ی تیمی ئێران و ئەمریكا لە شاری مەسقەتی عومان پاش ۲ سەعات و نیو كۆتایی هات و لەبارەی ناوەڕۆکی دانوستانەکەوە عەباس عێراقچی لە نووسینێكدا رایگەیاند، گفتوگۆكە لە "كەشوهەوایێكی بنیادنەرانە و ئەرێنیدا" بەڕێوەچووە و لەسەر بنەمای دانوستانەکانی خولی یەکەم لە ئەمریکا نزیک بووینەوە.
ناوبراو ئاشكراشی كرد: "دوای تەواوبوونی گفتوگۆكە، وەفدی ئێران و ئەمریكا بۆ ماوەیێكی كەم بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عومان یەكترییان بینیوە و هەفتەی ئایندە درێژە بە گفتوگۆكانیان دەدەن".
مەسروور بارزانی و سوودانی:
پێویستە هەولێر و بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان هەماهەنگ بن
مەسروور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کۆ بوونەوە و لەمبارەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: هەردوولا وێڕای تاوتوێ کردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە، جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان کردەوە.
هاوکات هەردوولا جەختیان لە پێویستیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە پێی دەستوور و دابین کردنی ماف و شایستە داراییەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان کردەوە.
لەمیانەی بەشداری کردنیان لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا:
نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع کۆ بوونەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی لە ئەنتاڵیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا کۆ بووەوە و دوای کۆبوونەوەکە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نووسیوویەتی: لەگەڵ شەرع باسمان لە دۆخی سووریا کرد و شەرع دیدگای خۆی بۆ سووریای داهاتوو کە هەموو گەلەگەی لەخۆ بگرێت خستەڕوو. نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەش کرد، پێزانیم بۆ کارەکانی ئەحمەد شەرع لە بەرانبەر یەکگرتوویی سووریا هەیە و لە پشتیوانی کردنیشی بەردەوام دەبین.
Your Comment