بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا ١٧هەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر ڕایگەیاند: "بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە دۆخی ناوچەکە بەگشتی".
سەبارەت بە پرۆسەی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بارزانی وتی: "زۆر لایەن پێیان وابوو هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، یان گرفتی گەورە دروست دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پرۆسەکە بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە هاتبوون بەڕێوەچوو".
ناوبراو وتیشی: "دەبێت پارتی و یەکێتی پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی پارتی ڕاشیگەیاند: "ئەوانەی کورسییان بەدەستهێناوە، هەر کەسە و بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێکەوە حکوومەتێک دروست بکەین".
لە وتارەکەیدا بارزانی دەشڵێت: "پابەندبوونی خۆمان بۆ پاراستنی ئەو کولتوورە دووپاتدەکەینەوە کە شانازی پێوە دەکەین کە کولتووری پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و قبوڵکردنی ئەوانی دیکە و ئازادی ڕادەربڕین و ئایین و مەزهەبییە".
Your Comment