بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەقایی لە یەکەم کونفرانسی ڕۆژنامەوانیی خۆیدا لە ساڵی ۱۴۰۴ی هەتاوی ڕایگەیاند: پێشنیاری ئێران بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی پرسەکە و ڕەوتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا پێشکەش کراوە.
بەقایی ڕاشیگەیاند: نامەکەی ئەمریکا گەیشتە ئێران و هەواڵەکەی بە فەرمی ڕاگەیەندرا. پێشنیاری ئێران بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ناڕاستەوخۆ، پێشنیارێکی بەرپرسیارانە و ژیرانە بوو لەڕووی سیاسییەوە.
ناوبراوی وتیشی: لە هەلومەرجی ئێستادا، حەزی ئێران ئەوەیە کە سەرنجی لەسەر ئەو پێشنیارە بێت کە پێشکەش کراوە. سەبارەت بە پێشهاتەکانی داهاتوو، بڕیارەکان بەپێی هەلومەرجەکان و لە کاتی گونجاودا دەدرێن.
بەقایی ئاشکرای کرد: نامەی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئەمریکا نێردراوە، چاوەڕێی بڕیاری ئەمریکاین لەوبارەوە و لە ئەگەری دانوستانی ناڕاستەوخۆدا، عومان یەکێکە لە کاندیدە سەرەکییەکان.
Your Comment