بۆ هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێم، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی بەڕێوەدەچێت

جارێکی دیکە وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەپیکور لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت کۆ دەبنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان۲۴ـی ڕاگەیاندووە: "ئەم هەفتەیە وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ وەزارەتی سامان سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت کۆ دەبنەوە."

سەباح سوبحی گوتیشی: "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێ کردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، نوێنەری ئەپیکوریش بەشدار دەبێت، چوونکە ئەوان لە تێچووی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت ناڕازین. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەکە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ بەشداریی بکات."

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و غاز "نیازی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان باش نییە، چونکە ئەو شاندانەی بۆ دانوستان دەیانێرێت دەسەڵاتی بڕیاردانیان نییە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، ۳۱-۰۳-۲۰۲۵، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەنراوێکدا هەواڵێکی ڕۆژنامەی "شەڕقولئەوست"ـی ڕەت کردەوە کە باسی لەوە کردبوو "ئەپیکور هەولێر بە هۆی دواکەوتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تۆمەتبار دەکات."

ئەپیکور ڕاگەیەنراوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، هەوڵە گشتی و تایبەتەکانی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بەرز دەنرخێنن.

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دووپاتیشی کردووەتەوە، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان "دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق".

News Code 225160

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha