بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی ئهمڕۆ یهكشهممه ۱۶ی ۳ی ۲۰۲۵ له پهیامێكدا باسی لهوه كردووه: "هەمیشە دەست لەسەر سنگ، هاوسۆزین لەگەڵ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی چەکی کیمیایی، هەڵەبجە بۆ ئێمە هێمای قوربانی و مەزڵومیەتی گەلەکەمانە، دوای ۳۷ ساڵ لە جینۆسایدکردن و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی هەمیشە زیندوو، تاوەکوو ئێستا ئاسەوار و کاریگەرییە خراپەکانی بەسەر خەڵک و خاکی شارەکەوە ماوە".
تاڵەبانی ئاماژهی بهوهش كردووه: "لە ئازاری کەسوکارەکانمان، داواکاری و خواستەکانیان لە هەڵەبجەی سەربەرز تێدەگەین، بۆیە لەگەڵ هەمو گلەیی و پێویستییەکانیاندام و لە پێشەوەی بەرگری لە مافەکانتان و پارێزەری ڕاستەقینەشتان دەبم بۆ هێنانەدییان، یەکێتیی پەرۆشانە لە رێگای نوێنەرەکانی لە ناوەندەکانی دەسەڵات و یاسادانان وەک هەمیشە بێ درێغی کردن بۆ پرسی هەڵەبجە کاردەکات و بەردەوام لە هەوڵدا دەبین تا خزمەتی شاری شەهیدان و خەڵکە خۆشەویستەکەی بکەین، ئەمەش ئەرکە لەسەرشانی هەمو یەکێتییەک کە خزمەتکاری هەڵەبجە بێت".
بافڵ تاڵەبانی دهڵێت: "ئیتر کاتی هاتووە دور لە دروشم، هەنگاوی کرداری بنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری هەڵەبجە و بە یەک دەست هەمومان بە پرۆژەیەکی نیشتمانییەوە کاربکەین بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی دەنگدان بە پارێزگابونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە ناوچەکە".
ناوبراو ڕوونی كردوهتهوه، ئەرکی حکوومەتیشە خزمەت کردنی هەڵەبجە و ئاوەڕدانەوەی زیاتر لە شارەکە بکاتە ئەولەویەتی کارکردنی و بوودجە و شایستەی دارایی پێویست دابین بکات کە لە ئاست گەورەیی هەڵەبجەدا بێت.
Your Comment