بەمەبەستی یاوەریکردنی هاوسەرەکەی مۆڵەتی دەرچوون لە زیندان بۆ دەمیرتاش دەرکرا

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە ڕەزامەندیی سەرۆک کۆماری تورکیا، زیندانی بەجێهێشتووە و یاوەری هاوسەرەکەی بوە لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریێک.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژنامەی زەمەن-ی تورکی بڵاویکردەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە لە زیندانی ئەدرنەدایە، مۆڵەتی دەرچوون لە زیندانی پێدراوە بە مەبەستی یاوەریکردنی هاوسەرەکەی لە کاتی نەشتەرگەریدا لە ئیستەنبووڵ.

هاوکات سەرکان ئالان، ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی سۆزچو-ی تورکی بڵاویکردەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش هەینی ڕابردوو داواکارییێکی پێشکەش بە بەرپرسانی وەزارەتی داد کردووە و داوای مۆڵەتی دەرچوون لە زیندان کردووە بۆ ئەوەی یاوەری باشاک دەمیرتاشی هاوسەری بێت لە کاتی نەشتەرگری لە نەخۆشخانەکانی ئیستەنبووڵ.

ئاماژەی بەوەش کرد، یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا ئەو داواکارییەی گەیاندوەتە کۆشکی سەرۆکایەتی و بە ڕەزامەندی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، دەمیرتاش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیێکی ئیستەنبووڵ و لەوێ هاوسەرەکەی نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی تورکیا، دەوڵەت باخچەلی لەوکاتەدا پەیوەندی بە سەلاحەدین دەمیرتاشەوە کردووە و سوپاسی کردووە بۆ ڕۆڵی لە گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ هاوسەرەکەی دەمیرتاش خواستوە کە نەشتەرگەری بۆ کراوە.

سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی، بەڵام حکوومەتی تورکیا ڕەتی دەکاتەوە سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بکات، کە بە چەندین تۆمەت دەستبەسەرە.

News Code 224983

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha