بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای داخستنی ڕێگە لە تانکەری گواستنەوەی نەوت بۆ ماوەی دوو رۆژ، نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی ڕابردوو لە ناحیەی عەربەت گرژی لەنێوان مامۆستایان و شۆفێرەکاندا دروستبوو، ئەوەش وایکرد هێزە ئەمنییەکان بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە دەستوەردان بکەن.
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "من و ژمارەیێک رۆژنامەڤان پێکەوە دەستگیرکراین، دواتر بە کەفالەت ئازاد کراین، هەندێکیشیمان نزیک کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئازاد کران".
بەرپرسێکی باڵای هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی گیانی ئەو خەڵکە دەستوەردانیان کرد، دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد و ئێستاش هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە و لە زینداندا نییە".
لەبارەی گرژییەکانەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێكدا رایگەیاند، "بەهۆکاری رێگریی لەلایەن مامۆستایان و هاووڵاتییان لە تێپەڕبوونی ئوتومبێلی بارهەڵگر و مانەوەیان لەو شوێنەدا بۆ ماوەی دوو رۆژ، شۆفێرەکان گوشاریان کردبوو و هەوڵی تێپەڕبوونیان دابوو، بووە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی چەند شۆفێر و هاونیشتمانییێک بریندار بوون".
ئەو بەرپرسەی ئاسایش دەڵێت: "دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەک لایەنی جێبەجێکاری یاسا دەستبەجێ بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە و ڕێگری لە تەشەنەکردنی ئاڵۆزییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و رێکاری یاسایی گرتەبەر".
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، "دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە. ئێستاش هیچ كەسێک دەستگیرنەكراوه و بریندارەکانیش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە".
Your Comment