بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موختار مووسەوی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی وتووه: "دۆخی سووریا لە8ی کانونی دووەمەوە ئاڵۆزە و پرسیارگەلێکی زۆری دروست کردووه، بەوپێیەی بەغدا بەوردییەوە بەدواداچوون بۆ جموجوڵی کەسایەتییەکانی دیمەشق دەکات بۆ زانینی ئاراستەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو".
هەروەک دەڵێت: "بەغدا زۆرباش ئەولەویەتەکانی ئەوکەسایەتیانە دەزانێت کە ئێستا حوکمڕانیی دیمەشق دەکەن، بەڵام دەیەوێت ئاراستەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو بزانێت، بەتایبەتیی کە هێشتا شتەکان بەتەواویی ڕون نەبوونەتەوە".
مووسەوی ڕوونیشی کردوهتەوە، "ڕێکخراوی فرەڕەگەزی توندڕەو هەیە کە لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتیدان و ئەو وێنە و ڤیدیۆ و لێدوانە نیگەرانکەرانەی کە بڵاو دەبنەوە، ڕەنگدانەوەی ئەو سوڕی توندوتیژییەن کە ناوبەناو نوێ دەبێتەوە".
ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە بەغدا خۆی لە ئاراستەکردنی پیرۆزبایی لە ئهحمهد شەرع بەدوور گرتووە، تائەوکاتەی دڵنیا دەبێت لەوەی کێ جڵەوی کارەکانی دیمەشق بەدەستەوە دەگرێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە جێبەجێ کردنی ئەو لێدوانانەوە هەیە کە لە دوای کۆنترۆڵ کردنی دیمەشق ڕاگەیاندران.
مووسەوی دەشڵێت: "ژمارەی ئەو وڵاتانەی پیرۆزباییان لە شەرع وەک سەرۆک کۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا کردووە زۆر سنووردارە و لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کاردانەوەی نێودەوڵەتیی و هەرێمییە لەسەر دۆخی ئێستای سووریا".
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، باسی لەوە کردووە، هەرچەندە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییێکی زۆرباشی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیران تووشی ڕووگیریی نەبێتەوە، خۆی لە ئاراستە کردنی پیرۆزبایی لە شەرع بەشێوەیەکی ئاشکرا بەدوور گرتووە، بەڵام پەیوەندیی لەنێوانیاندا بەردەوامە.
Your Comment