هەسەدە گورزێکی گەورەی لە هێزەکانی سەربە تورکیا وەشاند

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی دوێنێدا، زیاتر لە 10 سەرباز و چەکداری سەر بە تورکیا کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوە بەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی، یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دوو ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام دا و لە گردی پردی قەرقۆزاک تانکێک و سیستەمی ڕاداریان کردە ئامانج و بە تەواوی لەناوچوون.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دژی بنکەیەکی نوێ ئەنجامدرا کە داگیرکەران هەوڵی دامەزراندنی دەدا لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵە داگیرکارییە بەردەوامەکانی لەسەر خاکی سووریا".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر لەو بنکەدا یەکینەکانی شەهید هارون ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتیان ئەنجامدا و تانکێکی دیکەیان کردە ئامانج، کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تۆیۆتا و زرێپۆشێکی دیکەش لە دەوروبەری گردەکەدا کرایە ئامانج و هەردووکیان تێکشکێنران.

ئەوەشی خستەڕوو، لە بەرەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی مەنبج و باکووری بەنداوی تشرین، هێزەکانیان پێنج خاڵیان کردە ئامانج کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیای تێیدا جێگیر بوون، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سەر بە بەکرێگیراوان تێکشکێندرا.

لە میحوەری دێرەحەفەریش، یەکەکانی شەهید هارون خاڵێکی سەربازیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیایان کردە ئامانج و لەناوبرا کە بۆ کارپێکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دیاری کرابوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکانی دوێنێدا، زیاتر لە 10 سەرباز و چەکداری سەر بە تورکیا کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، جگە لە دۆکیۆمێنت کردنی لەناوبردنی ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێل و خاڵی سەربازی.

لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە، هەسەدە دەڵێت، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین هێرشیان ئەنجامدا و گوندەکانی باشووری کۆبانێیان کردە ئامانج، لەوانە گوندەکانی غەسک، مەلحە، بیر حەسۆ، هەروەها تۆپخانە و تانکەکانی تورکیا گوندەکانی تەڵات سەیفی، جەعدە، بیر حەسۆ، ئەلتینا، مەلها و دیکانیان بۆردوومان کرد و زیانی ماددییان بە ماڵ و کێڵگە مەدەنییەکان گەیاند.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکان، فڕۆکە بێفڕۆکەوان و تانکەکانی تورکیا بۆردوومانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و گوندەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی مەنبجیان کرد و زیانی ماددی بەرفراوانیان بە ناوچەکە گەیاند.

News Code 224818

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha