بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆڕش ئیسماعیل، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە، "پێشوازیمان لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد، باسمان لە دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان کرد. بە تایبەت؛ مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و شانە نووستووەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا".
ئاماژەی بەوەش كرد، لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان کردوە کە چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامە و هەمو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکاندا جێگیردەبن، بەمەش قۆناغێکی نوێی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی دێتە ئاراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، "جەنەڕاڵ هـام دڵخۆشی خۆی دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، دڵنیایی پێداین؛ کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت".
شۆڕش ئیسماعیل هەروەها دەشڵێت: "ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت پێشمەرگە ببێ بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین و پاڵپشتان دەبین".
Your Comment