بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "لە کۆبوونەوەکەیەکی دۆستانەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە "وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابین کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو".
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا "کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیێکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت".
ئەوەش خراوەتە ڕوو: "وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی هیوادارین کە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم دووپاتی کردەوە: "پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەش کردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پيکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد".
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی مەسعوود بارزانی بۆ نزیک کردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.
Your Comment