کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، فراکسیۆنە کوردیەکانی کرد بە دوو بەشەوە

هەرچەندە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکانی بەغداد ئەنجام درا، بەڵام بەشێک لە فراکسیۆن و لایەنە سیاسیەکان ڕەتیان کردەوە بەشداری بکەن، ئەمەش ڕای لایەنە سیاسیەکانی کوردی لە بەغداد کرد بە دوو بەشەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی ۱۱ی مانگی یەکی ۲۰۲۵ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغداد، لە شاری هەولێر ئەنجام درا، بە پێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتیش بێت کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بەردەوامی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان ڕەتیان کردەوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن لە بەیاننامەی جیاوازدا ڕای فراکسیۆنەکانیان لەبارەی هۆکاری بەشداری نەکردنیان خستە ڕوو.

هەریەکە لە فراکسیۆنی پارتی، یەکێتی و وەزیرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حکوومەتی هەرێم بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد، هەرچی کۆمەڵی دادگەری و نەوەی نوێ و یەکگرتوون ڕەتیان کردەوە بەشداری بکەن.

هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بەشداری فراکسیۆنەکەی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "یەکێتی بەشێکە لە حکوومەتی هەرێم و بە قەبارەی خۆمان بەشداریمان کردووە، یەکێتی و پارتی و گۆڕانیش کە ئێستا لەحکوومەتی هەرێمە هەمان ئاراستە بوون بۆ ئەوەی چارەسەر بنەڕەتی بدۆزرێتەوە و چیتر خەڵکی کوردستان نەبێتە قوربانی، هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان پێویستی بەوە هەیە هەڵوێستێکی یەکگرتوو بێت، وە ئەم هەڵوێستەش ڕەنگدانەوەی هەبێت لە بەغداد."

هەرێم کەمال ئاغا وتیشی: "ئەو تێبینیانەی حکوومەتی هەرێم کە هەیبوو لە سەر مەسەلەی بوودجە و مووچە، بەهەمان شێوە حکوومەتی ئیتحادیش تێبینی هەیە لەسەر داهاتەکانی نەوتی و نانەوتی و گەڕانەوەی بۆ بەغدا هەموو ئەوانەش گفتوگۆی لەسەر کرا کە لە داهاتوو کێشەکان چارەسەر دەکەن. پاکێجێکی هاوبەش هەیە کە بتوانین کێشەی مووچە خۆر و کێشەی داهاتەکان چارەسەر بێت بۆ ئەوەی چیتر کێشەی مووچە دروست نەبێتەوە، ئەمە گفتوگۆی تیروتەسەلی لە سەر کراوە."

هەرچەندە یەکێتی هاوبەشی ڕاستەقینەیە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتدا، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی فەرمی کابینەکە دەزانیت بەو پێیەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لای پارتیە و هەمیشە بە هەڵوێستی تووند دژی حکوومەتی ناوەندی ناسراوە بە تایبەت دوای ئەوەی بەغداد لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە لە ڕابردوودا چەندین بڕیاری دژی حکوومەتی هەرێم دا.

لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا پرسی کشانەوەی فراکسیۆنەکەیان ورووژاند لە ئەگەری بەردەوامی کێشەی مووچە لەگەڵ بەغداد.

شوان محەمەد، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند: "غەدر کردن لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە هەرێمی کوردستان بووەتە ئیشیی مانگانە و ساڵانە و بەردەوام هەر بە ماوەیەکی کەم لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ئیتر ئەم حکوومەتە تازەی زۆرینە شیعە دەستی کرد بە بەرنامە و بە ستراتیژیک ئەویش بە غەدرکردن لە هەرێمی کوردستان نەک هەر لە هەرێم، بەڵکوو لە قەوارەی سیاسی وەکوو حکوومەت یانی هەتا لەسەر خاک و لە خەڵک و مافی تاک و گشتیش."

بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی وتیشی: "نازانین دەرئەنجام دەگەین بەچی؟ ئایە بڕیاری کشانەوە دەدرێت یان نا، چونکە بڕیارێکی قورسە، بەڵام بڕیارەکان کراوەن لەبەردەم حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ناشکرێت بەڕاستی ئاوها غەدر بەردەوام بیت و یەک هەڵوێستی کورد زۆر زەرورە بەتایبەت ئێمە گەر یەک هەڵوێست بین کشانەوە بێت یان هەر جۆرە هەڵوێستێکی تر وەربگرین بەرامبەر بەغدا، کە بمانەوێت داکۆکی لە ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەین، دەبێت بە یەک هەڵویستی و یەک دەنگی بیکەین."

وێڕای جەخت کردنەوەی حکوومەتی هەرێم لە "کەمتەرخەمی عێراق" بەرامبەر بە شایستە داراییەکانی هەرێم وەک دەشڵێن ئامانجی کۆبوونەوەکەیان یەک هەڵوێستی کوردە بەرامبەر بەغداد و فشارە بۆ چارەسەر کردنی کێسە داراییەکان، بەڵام بەشێک لەلایەنەکان حکوومەتی هەرێم " بە هۆکاری" دواکەوتن و کێشەی مووچە خۆرانی هەرێم دەزانن، پێیان وایە هەرێم " پابەند نەبووە بە و ئەرکانەی دەکەوێتە سەرشانی بەرامبەر بە بەغداد" کە خۆی لە ناردنی داهاتی ناوخۆ و ڕادەستکردنی لیستی ناوی مووچەخۆران بە دروستی و چەند بابەتێکی تر.

سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە بەشدارینەکردنی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەران لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،"چارەسەرکردنی مووچە کۆبونەوەی ناوێت، بەڵکوو ڕاستگۆیی لە کردار و پابەندبوون بە تەسلیم کردنی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانی دەوێت."

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت: "ئەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت بڕینی قووتی خەڵکە لەلایەن دەسەڵاتەوە و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی کوردستانە، تەنها بڕیار ئەوەیە داهات بدرێتە بەغدا، جارێکی تر کە دەسەڵاتدارانی هەرێم فرسەتی باشکردنەوەی بارودۆخی ئابووری هاوڵاتیانی لەدەست دا، بەغدا مانگانە نزیکەی ترلیۆنێکی ناردووە، بەڵام کەوتووەتە دەستی بێ ویژدانەکانی دەسەڵات."

هاوشێوەی نەوەی نوێ فراکسیۆنی یەکگرتوو کۆمەڵی دادگەریش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیا کرد، موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتوو بە میدیکانی ڕاگەیاند: "بێزار بووین لەم کۆبوونەوانە و ناچینە کۆبوونەوەیەکەوە کە ئەجێنداکەی دیار نەبێت و دەشڵێت حکوومەتی هەرێم ڕاستیەکان بە ئێمە ناڵێت قەیران لە دوای قەیران دەیخوڵقێنێت کێشە لە دوای کێشە و هاوڵاتیانی هەرێم برسی دەکات، داهاتەکان ئاشکرا ناکات ناتوانێت ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی درێژخایەن لەگەڵ حکوومەتی عێراق ببەستێت".

News Code 224702

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha