یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری بەشداری کۆبوونەوەکەی حکوومەتی هەرێم ناکەن

میدیای کۆمەڵ ڕایگەیاند، کۆمەڵی دادگەری بەشداریی کۆبوونەوە نائاساییەکەى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ناکات، هەروەها موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکگرتوو دەڵێت: "بەشداری کۆبوونەوەکەی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ناکەین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سۆران عومەر، سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک کۆمەڵی دادگەری بەشداریی کۆبوونەوە نائاساییەکەى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ناکەین".

سۆران عومەر دەشڵێت، "هەموو خەڵکی هەرێم دەزانێت بەغدا زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار پارەی بۆ موچەی 12 مانگ ناردوە، بەڵام موچەیەکی ساڵی 2024یان نەداوە بە مووچەخۆران".

لەلایەکی دیکەوە موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی یەکگرتو ئەمشەو بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند، "وەکو یەکگرتو سبەی بەشداری کۆبونەوەکەی حکوومەتی کاربەڕێکەری هەرێم ناکەین".

ئەوە لەکاتێکدایە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەی شەممە کاتژمێر 10:00 لە شاری هەولێر بە ئامادەبونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی ئەنجام دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەبێت و هەریەکە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێم ئامادە دەبن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی حکوومەتی هەرێم، بابەتی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی فیدراڵی.

News Code 224690

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha