بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی ساڵیادی شەهید بوونی سەردار سولەیمانی، لە شاری هەولێر وتەیەکی پێشکەش کردو وتی: "قاسم سولەیمانی تێکۆشەرێک بوو لەپێناو مرۆڤایەتیدا خەباتی دەکرد و سەریشی لەو ڕێگایەدا دانا."
میرانی ئاماژەی بەوەشدا: "بە حوکمی ئەوەی ئێمە لە زۆر قۆناغدا لەگەڵ شەهید سەردار قاسم سولەیمانی، ئاشنا بووین و پێکە بووینە، ئەوەی ئێمە لێمان بینی، ئەم مرۆڤە بۆ خۆی هیچی مەبەست نەبوو. مەبەستی یەکەمی ئەو بیروباوەڕە بوو کە هەڵیگرتبوو."
بەرپرسەکەی پارتی وتیشی: "ڕۆژێک جەنابی کاک نێچیرڤان بە قاسم سولەیمانی وت کە بەم دواییانە لە ڕاگەیاندنەکان زۆر دەردەکەویت، هاتوچۆ و جووڵەکانت بەرچاون، باش نییە. قاسم سولەیمانی وتی، کاک نێچیرڤان من بەدوای شەهیدبووندا دەگەڕێم. من خۆم ناپارێزم و تەمەننای ئەو ڕۆژە دەکەم کە شەهید دەبم لەبەر ئەوە خەمی منت نەبێت."
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەش دا "قاسم سولەیمانی، دۆستی فەلەستینییەکان، دۆستی کورد و دۆستی ئەو میللەتانە بووە کە لەژێر ستەمدا بوونە."
ئەوەشی وت: "ئەگەر قاسم سولەیمانی بمایە، زۆر لەو نیگەرانی و موعاناتەی کە هەمانن، ئێستا نەمان دەبوون."
فازڵ میرانی وتیشی: "ئێمەی خەڵکی کوردستان و خەڵکی عێراقیش پێویستە رۆڵی ئەم مرۆڤە لە یاد نەکەین، چوونکە هاوکارمان بووە لە هەموو ڕوویەکەوە. ئێمە خۆشحاڵین بەوەی کە یادی ئەو و هاوڕێکانی لە کوردستان دەکرێتەوە".
Your Comment