بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیلڤانای تەمەن ۳۰ ساڵ، کچە ئێزدییە ڕزگارکراوەکەیە؛ ئەمڕۆ بە بێدەنگی و چاوی پڕ لە فرمێسک، سەرجەم ئەو کەسوکارانەی لە ئامێزکرد، کە بۆ پێشوازیی ئامادەبوون.
ئەو کچە ئێزدییە لە ساڵی ۲۰۱۴ لەگەڵ ھەموو ماڵباتاکەی کەوتبووە دەستی داعش. خۆی و ۵ خوشکی ڕزگارکراون، تەرمی دوو برا و باوکی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە و دایکی و برایەکیشی تائێستا بێسەروشوێنن.
سیلڤانا لە باوەشی ڕەعدی ئامۆزای بوو کاتێک قسەی بۆ تەلەفزیۆنی ڕووداو کرد، گوتی: "دەمویست ئازاد بم، بگەڕێمەوە نێو کەسوکارەکەم، بەڵام هیچ زانیارییەکم نەبوو کە چییان بەسەر هاتووە، بەڕاستی زۆر سەخت بوو."
لەمبارەوە حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند: "بەدواداچوونمان کرد و ماوەیەک بوو شوێنی ئەو کچەمان دەزانی، توانیمان رزگاری بکەین و ئەمڕۆ بە کەسوکاری شادبووەوە".
سیلڤانا خەڵکی گوندی کۆچۆیە لە باشووری شنگال، لە رۆژی ۷ـی مانگی رابردوو لە شاری ئیدلبی سووریاوە رزگارکراوە، ئەمڕۆ (یەکشەممە، ۵-۱-۲۰۲۵) بە کەسوکاری شادبووەوە.
دوای ئەوەی چەکدارانی داعش رفاندوویانە، وەک خۆی باسی دەکات، پێی گوتوون "نەخۆشم، بمبەنەوە لای کەسوکارم. بەڵام ئێمەیان بردە تەلەعفەر و دوای سێ مانگ ویستمان خۆمان رزگار بکەین، ئەوان هەستیان کرد و بردیانین بۆ رەققە (لە سووریا) لە هۆڵێکی گەورەیان دایانناین و هەموو خوشکەکان و براژنەکانی منیان بردە شوێنێکی دیکە؛ من لە رەققە مامەوە".
لە ۱۵ـی ئابی ۲۰۱۴، کارەساتێکی گەورە بەسەر خەڵکی گوندی کۆچۆ دا داهات، سەرەڕای کوشتنی زیاتر لە ۴۰۰ پیاوی گوندەکە لەلایەن چەکدارانی داعش هەر لەنێو قوتابخانەی گوندی کۆچۆ، زیاتر لە ۷۰۰ کچ و ژنیشیان رفاندن کە، تاوەکوو ئێستاش بەشێکی زۆریان بێسەروشوێنن.
سیلڤانا و خوشکەکانی دوای مەینەتیی زۆر، رزگارکراون. ئەو بە رووداوی گوت، "زۆر، زۆر دڵخۆشم بە گەڕانەوەم بۆ نێو کەسوکارم."
Your Comment