بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئامانج لەو هێرشانەى گرووپە چەکدارەکان، تێکدانی سەقامگیرییە، لەکاتێکدا سووریا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی وڵاتەکە لەپاش کەوتنی دەسەڵاتی ئەسەد.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر لە راگەیەندراوەکەدا باسى لەوەش کردووە، تورکیا بەردەوامە لە پشتیوانی کردنى گرووپە چەکدارەکان و پشێوییەکانى ئەو گرووپانەش پاڵپشتییە لە گەڕانەوە و چالاکبوونەوەى داعش لە ناوچەکە.
دەشڵێت، ڕووداوەکانی ئەم دواییەى بەنداوی تشرین، بەئامانج گرتنی شارەوانیی جەرنییە، کارگەی شەکر لە مەسکەنە و وێستگەى کارەبا، تاوانی ئاشکران و دژی پەیمان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانن.
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەر جەختی کردووەتەوە لە، گرنگی هەڵوێستى کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەئاست ئەم هێرشانە، جگە لە ڕۆڵی هێزەکان بۆ کۆنترۆڵ کردن و کەم کردنەوەی گرژییەکان لە سووریا بۆ ئەوەی ئەم چالاکیانەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بوەستێنن.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ڕژدن لەسەر لەوەی ئەو تاوانانەی گرووپە چەکدارەکان دەیکەن، نابێت بەبێ سزا و لێپێچینەوە تێپەڕێت، بەتایبەت کە تورکیا دەیەوێت قەیرانێکی مرۆیی توند دروست بکات، هاوشێوەی ئەوەی لە حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەرى ڕوو دەدات، کە زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی بەبێ ئاو ماونەتەوە، ئەوەش بەهۆی کۆنترۆڵ کردنی وێستگەی عەلۆک لە سەرێکانی، جگەلە هەوڵی هاوشێوەی گرووپەکە لە بەنداوی تشرین بۆ دروست کردنی قەیرانێکى دیکە، کە هەڕەشە لە سەرچاوەکانی وزە و ئاو دەکات.
Your Comment