١٨ کانونی یەکەم ٢٠٢٤ - ١٤:١٨

پێشهاتەکانی سووریا و کاریگەریی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان؛ قەیرانی مرۆیی و بەرپرسیارێتیی وڵاتانی ناوچەیی:

غیاس سوورچی: تورکیا و ئەمریکا ڕۆڵێکی خراپیان گێڕا لە پێشهاتەکانی سووریا

ئەندامێکی یەکێتی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا بارودۆخی قەیراناویی ناوچەکەی لێکدایەوە و باسی لە کاریگەریی قەیرانەکان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
غیاس سوورچی: تورکیا و ئەمریکا ڕۆڵێکی خراپیان گێڕا لە پێشهاتەکانی سووریا

غیاس سوورچی، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە بەتایبەت لە سووریای شی کردەوە و باسیشی لەکاریگەریی ڕووداوەکان لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کرد. ناوبراو جەختی لەڕۆڵی خراپی تورکیا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی کردەوە لە تۆخکردنەوەی قەیرانەکان و تەئکیدی لەسەر پێویستیی هاودەنگیی وڵاتانی هەرێمی کردەوە بۆ ڕێگری کردن لە کارەساتی مرۆیی زیاتر.

کوردپرێس

غیاس سوورچی ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی پێشهاتەکانی ئەمدواییەی سووریا وکاریگەریی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا جەختی لە ڕۆڵی خراپی تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەم قەیرانەدا کردوەوە و ڕایگەیاند: دیارە ئەم گۆڕانکارییەی لەم دواییانەدا ڕوویدا چ لە غەزە و چ لە لوبنان و یان ئەوەی لە سووریا ئەمە لە ڕاستیدا ئینقیلاب یان بڵێم پیلانێکی دەرەکی بوو، پیلانەکەیش بە دەرەجەی یەک ئەمریکا و ئیسرئیل دایانڕشت و هەروەها تورکیاش ڕۆڵێکی زۆر خراپی هەبوو. هەریەکەیان مەرامی خۆی هەیە و دیارە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل دەیانەوێت نفووز و هەژموونی ئیسلام لە دەڤەرەکەدا یان بڵێم لە چوار دەوری ئیسرائیل کەم بکرێتەوە یان هەر نەمێنێت. جا چ لە لوبنان بێت چ لە سووریا و فەلەستین و غەززە بێت. ئەمەش وایکرد بە پیلانگقڕیی ئەمریکا و ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی تریش هەم دەوڵەتی عەرەبی و ئیقلیمی و ڕۆئاوایی وایان کرد زەرەر و زیان و زەرەرێکی زۆری مادی و مرۆیی بەر موسوڵمانانی ئەم دەڤەرە بکەوێت.

ناوبراو ئاماژەشی کرد بە بەرنامەدێژیی بیانی، بەتایبەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا کە بەو پێیە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، لەوان لوبنان، سووریا و غەززە بکرێتە گۆڕەپانی شەر و قەیرانی مرۆیی.

سوورچی هەروەها باسی لە پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بۆ کەمکردنەوەی نفووزی ئیسلام لە ناوچەکەدا و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ناتۆ لە توندکردنەوەی قەیرانەکاندا جەختی لێکرایەوە. لەم نێوەنەشدا، بە گوتەی سوورچی، بێدەنگیی وڵاتانی عەرەبی و گرووپە ئیسلامییەکانی جیهان سەبارەت بەو کارەساتە مرۆییانەی کە لە دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە ڕوویانداوە، مایەی شەرمەزارییە.

لە درێژەدا، سوورچی شیکارییەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی دەروونی خەڵک لە عێراق و وڵاتانی هاوسنووری ناوچە زیانلێکەوتووەکانی قەیرانەکان خستەڕوو و بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: "خەڵکی عێراق و ئێران و وڵاتانی دیکەی دراوسێ لە ئێستادا لە دڵەڕاوکێ و ترسی لێکەوتەکانی ئەم پێشهاتانەدا بەسەر دەبەن. ئەم حاڵەتانە بە ڕوونی کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی دەروونی خەڵک داناوە و نیگەرانی قووڵی لێکەوتووەتەوە.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە جەختیشی لەسەر ڕۆڵی خراپی تورکیا لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و پاڵپشتی ئەنقەرە لە بەرەی ناتۆ کردەوە و بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ڕاستە ئەم وڵاتە ئێستا لە بەرەی ناتۆدایە، بەڵام حکوومەتەکان و ئەندامانی ناتۆ وەک جاران متمانەیان بەم وڵاتە نییە، چوونکە هەمووان دەزانن ئەم وڵاتە بە دوای پاوانخوازیی و فراوانکردنی خاک و سنوورەکانیدایە.

ناوبراو لە کۆتاییدا داوای لێکنزیکبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانە کرد و زیادی کرد: لە بارودۆخی ئێستادا پێویستە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بگەنە ڕێککەوتن و بەرپرسیار بن لە پێشهاتەکانی ئەم دواییە. "ئەگەرنا ئەم ئاگرە داوێنی هەمووان دەگرێتەوە و لێکەوتەی کارەساتبار دەبێت".

سوورچی بڕوای وایە کە تەنها لە ڕێگای هاوکاریی و یەکگرتوویی وڵاتانی ناوچەکەوە دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە زیاتربوونەوەی قەیرانەکان.

News Code 224560

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha