کوردپرێس
غیاس سوورچی ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەبارەی پێشهاتەکانی ئەمدواییەی سووریا وکاریگەریی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا جەختی لە ڕۆڵی خراپی تورکیا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەم قەیرانەدا کردوەوە و ڕایگەیاند: دیارە ئەم گۆڕانکارییەی لەم دواییانەدا ڕوویدا چ لە غەزە و چ لە لوبنان و یان ئەوەی لە سووریا ئەمە لە ڕاستیدا ئینقیلاب یان بڵێم پیلانێکی دەرەکی بوو، پیلانەکەیش بە دەرەجەی یەک ئەمریکا و ئیسرئیل دایانڕشت و هەروەها تورکیاش ڕۆڵێکی زۆر خراپی هەبوو. هەریەکەیان مەرامی خۆی هەیە و دیارە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل دەیانەوێت نفووز و هەژموونی ئیسلام لە دەڤەرەکەدا یان بڵێم لە چوار دەوری ئیسرائیل کەم بکرێتەوە یان هەر نەمێنێت. جا چ لە لوبنان بێت چ لە سووریا و فەلەستین و غەززە بێت. ئەمەش وایکرد بە پیلانگقڕیی ئەمریکا و ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی تریش هەم دەوڵەتی عەرەبی و ئیقلیمی و ڕۆئاوایی وایان کرد زەرەر و زیان و زەرەرێکی زۆری مادی و مرۆیی بەر موسوڵمانانی ئەم دەڤەرە بکەوێت.
ناوبراو ئاماژەشی کرد بە بەرنامەدێژیی بیانی، بەتایبەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و تورکیا کە بەو پێیە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، لەوان لوبنان، سووریا و غەززە بکرێتە گۆڕەپانی شەر و قەیرانی مرۆیی.
سوورچی هەروەها باسی لە پیلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بۆ کەمکردنەوەی نفووزی ئیسلام لە ناوچەکەدا و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ناتۆ لە توندکردنەوەی قەیرانەکاندا جەختی لێکرایەوە. لەم نێوەنەشدا، بە گوتەی سوورچی، بێدەنگیی وڵاتانی عەرەبی و گرووپە ئیسلامییەکانی جیهان سەبارەت بەو کارەساتە مرۆییانەی کە لە دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە ڕوویانداوە، مایەی شەرمەزارییە.
لە درێژەدا، سوورچی شیکارییەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی دەروونی خەڵک لە عێراق و وڵاتانی هاوسنووری ناوچە زیانلێکەوتووەکانی قەیرانەکان خستەڕوو و بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: "خەڵکی عێراق و ئێران و وڵاتانی دیکەی دراوسێ لە ئێستادا لە دڵەڕاوکێ و ترسی لێکەوتەکانی ئەم پێشهاتانەدا بەسەر دەبەن. ئەم حاڵەتانە بە ڕوونی کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی دەروونی خەڵک داناوە و نیگەرانی قووڵی لێکەوتووەتەوە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە جەختیشی لەسەر ڕۆڵی خراپی تورکیا لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و پاڵپشتی ئەنقەرە لە بەرەی ناتۆ کردەوە و بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: ڕاستە ئەم وڵاتە ئێستا لە بەرەی ناتۆدایە، بەڵام حکوومەتەکان و ئەندامانی ناتۆ وەک جاران متمانەیان بەم وڵاتە نییە، چوونکە هەمووان دەزانن ئەم وڵاتە بە دوای پاوانخوازیی و فراوانکردنی خاک و سنوورەکانیدایە.
ناوبراو لە کۆتاییدا داوای لێکنزیکبوونەوەی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانە کرد و زیادی کرد: لە بارودۆخی ئێستادا پێویستە هەموو وڵاتانی ناوچەکە بگەنە ڕێککەوتن و بەرپرسیار بن لە پێشهاتەکانی ئەم دواییە. "ئەگەرنا ئەم ئاگرە داوێنی هەمووان دەگرێتەوە و لێکەوتەی کارەساتبار دەبێت".
سوورچی بڕوای وایە کە تەنها لە ڕێگای هاوکاریی و یەکگرتوویی وڵاتانی ناوچەکەوە دەتوانرێت ڕێگری بکرێت لە زیاتربوونەوەی قەیرانەکان.
Your Comment