بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی یەکێک لە کاندیدەکانی کۆمەڵی دادگەری بەناوی هێرۆ عەتار پێچەوانەی بڕیاری حزبەکەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ڕەتکردبۆوە، ڕۆژی ۲ی مانگی ۱۲ بەشداری یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و لە ئەنجامیشدا حزبەکەی لە ڕیزەکانی خۆی دووری خستەوە، لە ئێستادا دوو کورسی تری ئەو حزبە بە بەتاڵی ماونەتەوە.
سەرچاوەیەک لە ناو کۆمەڵی دادگەری کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "لەلایەن لایەنێکی سیاسیەوە لەگەڵ چەند کاندیدێکی کۆمەڵ قسەکراوە کە ڕازی ببن بەشداری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەن و جێگەی دوو کورسیە بەتاڵەکەی کۆمەڵ پڕ بکەنەوە و بڕیاری حزبەکە بشکێنن".
وتیشی،" بەڵام دیار نییە ئایە هیچ کاندیدێک بە هەوڵەکانی ئەو لایەنە ڕازی دەبێت یاخود نا".
دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەبەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، بەشێک لە لایەنەکان ناڕەزایەتیان لە بەرامبەر ئەنجامەکان ڕاگەیاند. کۆمەڵی دادگەری کە سێ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام سەرکردایەتی حزبەکە هەڵبژاردنی بە "دیزاینکراو" ناوبرد و بڕیاری بایکۆتی پەرلەمانی دا.
بڕیارەکەی هێرۆ عەتار بە بەشداری کردنی لە یەکەمین کۆبوونەوەی پەرلەماندا وێرای دروستبوونی نیگەرانی لەو حزبەدا وە بەرپرسانی حزبەکەش دەڵێن "بڕیارەکە چاوەڕواننەکراو بووە بۆیە دەیانەوێت بە یاسایی ئەو دۆسیەیە یەکلایی بکەنەوە".
فارووق عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پێمان وایە هەڵبژاردن پێشوەختە دیزاین کراوە، بۆیە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەزۆرینەی دەنگ بڕیارماندا دان بە شەرعیەتی ئەو ئەنجامەدا نەنێین ونەچینە ئەو پەرلەمانە دیزاینکراوەوە، لەوکاتەوە ئێمە چەندەها جار لەگەڵ کاندیدەکان کە بە پێی بڕیاری کۆمسیۆن سەرکەوتوون کۆبوینەتەوە و سوپاس و پێزانینمان پێشکەش کردوون، ستایشی ڕۆڵ و ماندوو بوونمان کردوون و هۆکارەکانمان بۆ ڕوونکردوونەتەوە، نەمانبیستبوو کەسێک سەرپێچی بڕیارەکە بکات، بۆیە ئەوەی کە ۲ی مانگ ڕوویدا لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو بوو، بۆیە دوای ئەوە خەریکین هەموو ڕێگەیەکی یاسایی بگرینە بەر کە چۆن مەمەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بکەین، تەعامول لەگەڵ ئایندەی کاندیدەکانمان بکەین".
وتیشی، "بۆیە وا بڕیارە ڕۆژی شەممە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵ بە سەرپەرشتی جەنابی عەلی باپیر کۆببینەوە و تاوتوێی هەنگاوەکان بکەین کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا بکەین، بەڵام بە بڕیارەکەمان پابەند دەبین بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمان، بۆیە دەکرێت ڕۆژی شەممە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بدەین".
بە پێی یاسای هەڵبژاردن بێت، دوو کورسیەکەی کۆمەڵی دادگەری بە دوو شێوە پڕدەکرێنەوە، لە ئەگەری یەکەمدا کورسیەک دەچێت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی و کورسیەکەی تریش لە پارێزگای هەولێر بۆ یەکگرتووی ئیسلامی دەبێت. لە ئەگەری دووەمیشدا دوو کاندیدی تری کۆمەڵ لە دەرەوەی بڕیاری حزبەکەیان هاوشێوەی هێرۆ عەتار کورسیەکان پڕ دەکەنەوە.
ئارام جەمال شارەزای هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر کۆمەڵی دادگەریی وەک لیست نەکشێنەوە هەنگاوی یاسایی ئەوەیە دوای مانگێکی تر دوو کاندیدی دیکەی کۆمەڵ بانگهێشت بکرێن و بەوشێوەیە هەتا هەموویان کۆتاییان دێت بزانن کێ بەشدار دەبێت، واتە تا ئەو شوێنەی کۆمەڵی دادگەریی وەک کاندید، نەک لیست، مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکات، دەبێت لەناو لیستەکەی خۆیدا دوو کاندید دیاری بکرێت (وەک هێرۆ عەتار)".
وتیشی،" بەڵام خۆ ئەگەر وەک لیست لە پەرلەمان بکشێنەوە، ئەوا کورسییەکەی سلێمانییان بۆ پارتی دەچێت و کورسییەکەی هەولێریشیان بۆ یەکگرتووی ئیسلامیی دەڕوات".
Your Comment