٢٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٤ - ٠٩:١٦
ئەحمەد کایا، دەنگی ئازادی

ئەحمەد کایا، رێکەوتی ۲۸ی تشرینی یەکەمی ۱۹۵۷، لە شاری مەلاتیای کوردستانی تورکیا لەدایک بووە، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندەکانی کوردستان.

کایا، پێنجەم و دوا منداڵی خێزانەکەی بووە، باوکی کورد و دایکی تورک بووە، هەر لە منداڵییەوە، لە ئاستی ژیانی هونەریی خۆیدا، لەو کارگەیەوە دەستیپێکردووە کە باوکی کاری تێدا کردووە، لە دانیشتن و کۆبوونەوە هونەرییەکاندا، گۆرانیی بۆ باوکی و کرێکارانی کارگەکە گوتووە.

بوونی دەنگێکی خۆش و توانای ژەنینی ئامێری موزیکی، هەر لە منداڵییەوە کایا دەکەن بە هونەرمەندێکی باش، لە شەش ساڵییەوە تواناکانی بەرەوپێشبردووە و لەگەڵ هونەرەکەیدا کاری کردووە، کە بەهۆی زەحمەتیی ژیان و بژێوییەوە، پاش تەواوکردنی قۆناغی سەرەتای خوێندن، دەستبەرداری خوێندن دەبێت.

ساز هەر لە منداڵییەوە، دەبێت بە هاوڕێیەکی گەورەی ئەحمەد کایا، باوکی بە دیاریی سازێکی بۆ دەکڕێت و لە سایەی "یوسف"ی خاڵیدا، لە گوندەکەی خۆیان، فێری ژەنینی ئەم ئامێرە دەبێت.

لە ئاستی ناوەڕۆکی هونەرەکەیدا، کایا وەکو کەسایەتییەکی یاخی و دژ بە ستەم و زۆرداریی کاری کردووە، ئەمە پاڵنەر بووە بۆ زیندووبوونەوەی هونەرەکەی لەنێو نەتەوەکەیدا، کاریگەرییەکی گەورەی دروستکردووە و دەنگەکەی، کە پاڵنەر بووە بۆ پشتگیریکردن لە خەڵکی چەوساوە و هەژار، وای کردووە بە خێرایی ژمارەی گوێگرانی زیاد ببێت.

کایا رێکەوتی یەکی نیسانی ۱۹۸۵، یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی "مەگری رۆڵەکەم" بڵاودەکاتەوە، بەهۆی ناوەڕۆکەکەیەوە، کە دژایەتیکردنێکی راستەوخۆ و گەورە بووە دژ بە نادادپەروەریی و ستەم، حکومەتی تورکیا نیگەران دەبێت و دژی دەبن، بەڵام بە هاوکاریی هاوڕێکانی، مکوڕ دەبێت لە بڵاوکردنەوەی.

گەرچی یەکێک لەو رەخنانەی ئاڕاستەی ئەحمەد کایا دەکرێن، بریتییە لە بەکارهێنانی زمانی تورکی لە ناوەڕۆکی تێکست و گۆرانییەکانیدا، بەڵام بەکارهێنانی ئەم زمانە، هۆکارێک بووە بۆ گەیاندنی پەیام بە زۆرینەی گەلی تورکیا، بەدیاریکراوییش کوردانی زازاکی، تاوەکو بتوانن بە ئاسانیی لێی تێبگەن، هاوتای کوردان و زۆرێکی دیکە لە نەتەوە جیاوازەکان، کە ناتوانن لە کوردی تێبگەن و ئەم شێوازەی کایا هۆکارێک بوو بۆ گەیاندنی ئاسان و خێرای پەیامەکانی.

لە دیارترین ئەلبوومەکانی کایا بریتین لە:

مەگری رۆڵەکەم

ئاوازی شەبەق

کاتێ دێ

سەرم بەرزدەکەمەوە

کایا ساڵی ۱۹۷۹ هاوسەرگیریی کردووە و جیابووەتەوە، لە هاوسەرگیریی دووەمیدا لەگەڵ گوڵتەن خەیاڵئۆغلۆ، زیاتر رۆدەچێتە نێو جیهانی موزیک و بەهۆی پاڵپشتیی هاوسەرەکەی و هاوڕێیەتیی برای هاوسەرەکەی بەناوی یوسف، کایا کاریگەرییەکی گەورە دروستدەکات لە ئاستی پیشەسازیی موزیک و بەرهەمهێناندا، زۆرێک لە شیعری کارەکانی کایا، یوسف خەیاڵئۆغڵۆ نووسیونی و کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر یەکتر هەبووە.

ئەلبوومی "گۆرانییەکانم بۆ شاخەکان" بە فرۆشتنی دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دانە تۆماری شکاندووە، بەهۆی گۆرانییەکی ئەم ئەلبوومە بە ناوی "بانگی ئازادی"، ئەلبوومەکە لە بازاڕەکاندا کۆکرایەوە و قەدەغەکرا، بڕیاری قەدەغەکردنی کۆنسێرتیشی لەدژ دەردەکەن.

گۆرانییەکانی کایا، زیاتر باس لە بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکەن، لە ٢٠ ئەلبووم تەنها یەک گۆرانیی کوردیی هەیە بە ناوی کەرڤان.

رێکەوتی ۱۰ی شوباتی ۱۹۹۹، لەمیانی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵدا، کایا یەکەم دەبێت، لەکاتی گوتارەکەیدا، ئاماژە بەوە دەدات کە نوێترین بەرهەمی بە زمانی کوردی دەبێت، ئەمەش کاردانەوەیەکی توندی لێدەکەوێتەوە و لەلایەن رەگەزپەرستەکانەوە هێرشی دەکرێتە سەر و ئازار دەدرێ، بە ناچاریی دەبرێتە دەرەوەی رێوڕەسمەکە و پاش تێپەڕینی سێ مانگ روو لە وڵاتی فەڕەنسا دەکات و لە پەناهەندەییشدا دووچاری تانە و لۆمەکردنی توند دەبێتەوە.

ئەحمەد کایا، رێکەوتی ۱۶ی تشرینی دووەمی ۲۰۰۰، لە تەمەنی ۴۳ ساڵییدا و لە خاکی غەریبی، بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی پیرلاشیزی شاری پاریس، هاوشانی یەڵماز گیونەی بەخاک دەسپێردرێت.

فیلم: بەشی ماڵتی میدیا ستۆدیۆی کوردپرێس

دەق: لە کەناڵ ۸ وەرگیراوە

News Code 224441

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha