کوردپرێس- ڕکابەریی دوو حزبی سەرەکیی کوردستانی هەر لە سەرەتاوە بە ڕاجیاوازیی ئایدۆلۆژییەوە لەنێوان هزری نەریتیی پارتی دیموکرات و ڕێبازی لیبراڵ دیموکراتی یەکێتیی نیشتمانیی، دەستی پێکرد.
لە پێکدادانی سەربازییەوە تا ڕکابەریی سیاسی
پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن لە ۲۰۰۳دا ڕکابەریی سەربازیی نێوان پارتی و یەکێتی گۆڕدرا بۆ گرژیی سیاسی و دیپلۆماسی. لەم قۆناغەدا ئەم دوو حزبە لەبری پێکدادانی خوێناوی، لە پەرلەمانی کوردستان و لە حکوومەتی ناوەندیی عێراقدا دەستیان کرد بە ململانێ.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی ٢٠١٧ کە دوای بۆشایی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتەوە بەڕێوەچوو، ڕەنگدانەوەی چاوچنۆکی سیاسیی پارتی بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی پێگەی سەرکردایەتیی کورد. بەڵام ئەم ڕیفراندۆمە نەک هەر شکستی هێنا، بەڵکوو هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵی ۵۱%ی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەستدا.
سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان و کاریگەریی ئەم حیزبە لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی هەرێم
ساڵی ۲۰۰۹ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا، بە ڕوانگەیەکی ڕیفۆرمخوازانەوە، هەیکەلی سیاسی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی جیددی کردەوە. ئەم بزووتنەوەیە کە لە یەکەم دەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا ٢٥ کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، توانی بۆ ماوەیەک سەرنجی ڕەخنەگران و ناڕازییان بۆ پەیکەری نەریتیی حزبە سەرەکییەکانی هەرێم ڕابکێشێت. بەڵام ناکۆکی ناوخۆیی و گیان لەدەستدانی سەرۆکی ئەم بزووتنەوەیە بووە هۆی دابەزینی پلە و توانای حزبەکە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کە دوای دوو ساڵ دواکەوتن بەڕێوەچوو، وەرچەرخانێکی دیکە بوو لە مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا. ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە ناڕەزایی لە گەندەڵی و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران سەریهەڵدا بوو و حزبە نوێکان توانییان جارێکی دیکە ڕۆحیەتی چاکسازیی لە هەرێمی کوردستان زیندوو بکەنەوە.
ناوچەی سەوز: لانکەی ڕەوتە ڕیفۆرمخوازەکان
لە دوو ناچەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ناوچەی سەوز (سلێمانی) هەمیشە بەستێنکی باش بووە بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتە مەدەنی و ناچەکدارییەکان. پێچەوانەی ناوچەی زەرد (هەولێر) کە لەژێر کونترۆڵی پارتی دیموکراتدایە، ئاقاری کراوەی سیاسی سلێمانی ڕێگای بۆ گەشەسەندنی بزووتنەوە ڕیفۆرمخوازەکان زیاتر کردۆتەوە.
لە هەڵبژاردنی ۲۰۲۴دا، ئەو ڕەوتە نێویانەی کە لە سلێمانی لەدایک بوون، بە بەدەست هێنانی ۱۵ کورسی پەرلەمانی ئەوەیان دەرخست کە هەرێمی کوردستان دەفرایەتیی گۆڕانکاریی سیاسیی بنەڕەتیی هەیە. ئەم حزبانە کە پێچەوانەی حزبە نەریتییەکان دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنییان نییە تەنها بە پشتگیریی خەڵک توانیویانە سەرکەون.
دوورنواڕی داهاتوو: نەوەیەکی نوێ لەبەرامبەر حزبە نەریتییەکاندا
نەوەی نوێی سیاسەتوانانی هەرێمی کوردستان بە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە لە حزبە نەریتییەکان، سەرنجیان خستۆتە سەر پرسە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم نەوەیە کە یان هزری ئایینی هەیە یان هاوتەریبە لەگەڵ ڕەوتی جیهانیبووندا، گەندەڵی سیاسی و ئابووری سەرکردە نەریتییەکان قبووڵ ناکات. سەرەڕای ئەو سنووردارکردن و گوشارانەی کە هەیە، ڕەوتە تازەسەرهەڵداوەکان توانیویانە ئازایەتی نیشان بدەن و پێکهاتە نەریتیی حزبە سەرەکییەکان تێپەڕێنن. ئەم ڕەوتە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا، کە ئەگەر هەلومەرجی دادپەروارانە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دابین بکرێت، دەتوانێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەیکەلیەتی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمدا دروست بکات.
سەرەڕای ئەو هەموو چەوساندنەوە و بێباکییە بەرامبەر بەم ڕەوتانە کراوە، نەوەی نوێ بە تەنیا ١٥ کورسی و هەڵوێستی نیشتمانی ٤ کورسی و بەرەی گەل بە ۲ کورسی یەکێک لە لایەنە کاریگەرەکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمیان پێکهێناوە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەو ڕەوتە نوێیانە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستاندا هیچ دەسەڵاتێکی سەربازی و ئەمنییان نەبووە و تەنیا بە پشتبەستن بە دەسەڵاتی خەڵک ئەو دەنگانەیان بەدەست هێناوە، ئەگەر هەلومەرجی یەکسان لە نێوان لایەنە بێچەکەکان و دوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا کە خاوەنی دەسەڵاتی سەربازی و ڕێکخراوی ئەمنین، ببوایەت و هیچ ساختەکاری و پێشێلکاری و تەزویرێک نەدەبوو بە دڵنیاییەوە دەنگی جیلی نوێی لە هەرێمی کوردستان چەند هێندە زیاتر دەبوو لەوەی ئێستا بەدەست هاتووە و ئەمەش بەو مانایەیە کە هەرێمی کوردستان توانای گۆڕانکارییەکی سیاسی بنەڕەتیی هەیە.
ناتوانرێت ئەو نەوە نوێیە کە هاتۆتە ناو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بەدڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا قسەی زۆریان دەبێت، بەمەرجێک ڕێز لە مافە یەکسانەکان بگیرێت. چوونکە دوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان هەموو وزە توانای خۆیان بۆ ململانێی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق تەرخان کردووە و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکانیان تا ئاستی داواکارییە سیاسییەکان دابەزاندووە. ڕێدۆزی نوێی کۆمەڵگای کوردستانی بۆ نەوەی نوی دەستپێکردنێکی تازەیە لە گۆڕەپانی سیاسیدا کە بچووکترین پەیامی ئەوان پێکەوەبوونی مەدەنی و کۆمەڵایەتییە. داخوازیی حزبە سەرەکییەکان بە پێکهاتەی سەربازی و ئەمنییەوە لەگەڵ ئامانەکانی جیلی نوێی کوردستانی هاوڕێ و هاوتەریب نییە چوونکە ئەو نەو نوێیە یان ڕێبازی ئایینییان هەیە کە لەگەڵ ڕێبازی عەلمانی و گەندەڵکاریی سەرکردە حزبییەکاندا یەکناگرنەوە؛ یان ئەوەی کە بەسراوە بە جیهانیبوونەوە کە تاوانە سیاسی و ئابوورییەکانی سەرکردە حزبیەکان قبووڵ ناکەن، بۆیە لە هەر دوو حاڵەتدا نەوەی پێشەنگی هەرێمی کوردستان مەیلی جیددی بە جووڵانەوەی مەدەنی حزبی مەدەنی هەیە کە ئەگەر هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد لەبەردەستدا بێت شایەتحاڵی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستاندا دەبین.
وتەی کۆتایی
هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەمانی کوردستان، موژدەی دەسپێکی وەرزێکی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسی ئەم ناوچەیەدا. جیلی نوێی سیاسەتوانان، بە پاڵپشتیی داخوازیی خەڵک و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتە نەریتییەکان، توانیویانە پەیامی گۆڕانکاری بە گوێی هەمووان بگەیەنن. داهاتووی هەرێمی کوردستان بەسراوە بە تۆکمە کردنی ئەم ڕەوتە مەدەنیانەوە و فەراهەم بوونی بارودۆخێک بۆ ڕکابەری لەگەڵ حزبە کۆنەکان. تەنها لەم هەلومەرجەدا ئەم هیوایە هەیە کە کۆمەڵگای کوردستانی دوور لە ڕووبەڕووبوونەوەی حزبی و سەربازی، بەروە گەشەی هەمیشەیی و هاوسەنەگ هەنگاو بنێت.
Your Comment