بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) لە هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند: "دوو ڕۆژ پێش ئێستا پارتی چوار ئەندامی ئەو پارتەی لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی نایاسایی دەکرد، هۆشداری دەدەین خاکی کوردستان، خاکی هەموو کوردانە و کەس مافی ئەوەی نیە مرۆڤێکی کوردێت دەربکات".
ئاماژەی بەوەش کرد، دەرکردنی ئەو ئەندامانەی هەدەپە هاوکاتە لەگەڵ دانانی قەیوم لە شارە کوردیەکانی کوردستانی تورکیا، کە حکوومەتی تورکیا قەیومی بۆ گەورە شارەوانییهکانی مێردین، شارەوانیی ئێلیهـ و شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای کوردستانی تورکیا دانا.
یەکێک لەو ئەندامانەی هەدەپە کە لە شاری هەولێر دەرکرا ڕایگەیاند، ڕۆژی 6ی ئەم مانگە بانگکراین بۆ ئاسایشی هەولێر بۆ گفتوگۆ، دوای وەرگرتنی فایلەکانیان، دەستبەسەرکران و کرانە دو بەشەوە و لە هەولێرەوە ڕەوانەی سلێمانی کران، بەشێکیان لە سماقولی دانران و بەشەکەی دیکەش لە دێگەڵە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی لە هەولێر دەرکران پێیان وتراوە: "بڕۆن ئیتر ئیشی ئێوە لە هەولێر نەماوە"، بێ ئەوەی هیچ هۆکارێکیان پێ بوترێت و تەنها ئاسایش بەو نوێنەرانەی ڕاگەیاندووە، "بڕۆن لە سلێمانی بەردەوامی بە ژیانی خۆتان بدەن".
ئەو ئەندامەی هەدەپە باسی لەوەش کرد، ئەوان پێش ئەو ڕووداوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتیدا کۆ بوونەتەوە و هیچ گرفتێک نەبووە، هەروەها ئەوان پێنج ساڵە لە هەرێمی کوردستانن و هیچ کێشەیەکیان بۆ حکوومەت و هەرێم دروست نەکردووە و دروستیشی ناکەن، بۆیە داواکارین ڕێگە بدەن کە بگەڕێینەوە بۆ هەولێر.
Your Comment