دوورخستنەوەی سێ سەرۆک شارەوانی لە تورکیا، کاردانەوەی جیهانیی لێکەوتەوە

یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ڕوانگەی مافی مرۆڤ لەبارەی دوورخستنەوەی سێ سەرۆکی شارەوانی لە کوردستانی تورکیا، هاتنە دەنگ و ڕەخنە لەو وڵاتە دەگرن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مایا کۆسیجانیتشن، وتەبێژی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی یەکێتی ئەورووپای نیشاندا بەرامبەر رێوشوێنەکانی لابردنی سێ سەرۆک شارەوانی لە تورکیا و رایگەیاند: ئەو هەڵسوکەوتانە زیان بە دیموکراسیەتی تورکیا دەگەیەنێت و جۆرێکە لە دەستدرێژی کردن بۆ سەر مافی دەنگدەران لەو وڵاتەدا.

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی ئامەد و وان و مێردین، رێزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی (۳۱)ی ئازار دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕاشیگەیاند: تورکیا مافی خۆیەتی دژ بە تیرۆر بوەسەتێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە حکوومەتی ئەو وڵاتە ڕیز لە ماف و ئازادییەکان و سەروەری یاسا بگرێت.

لەلایەکی دیکەوە كاتی پیری، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌ورووپا و كاروباری توركیا له‌ توویتێكدا بڵاوی کردەوە؛ جارێکی دیکە گۆڕینی سەرۆکی شارەوانیەکانی ئامەد و ماردین و وان کە تەنها پێنج مانگە هەڵبژێردراون، واتای ڕێز نەگرتنە لە ئیرادەی خەڵک، ئەی دوای ئەمە چی، ئایا سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرەش دەگۆرن؟".

لای خۆیەوە جۆزیب بۆریل وتەبێژ بەناوی بەرپرسی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا لە لێدوانێكی ڕرۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "جێبەجێ‌ كردنی ئەو یاسایانەی بەناوی یاسای تاوانكاریی و لەناوبردنی تیرۆرەوە ئەنجام دەدرێت، نابێت بۆ مەرامی سیاسیی بەكاربهێنرێت، چوونكە ئەوە مەترسیدارە و دەبێتە مایەی بەرتەسكردنەوەی پیادەكردنی دیموكراتیەت لەناوخۆی وڵاتدا".

بۆریل جەختیش دەكاتەوە كە توركیا مافی خۆیەتی بەرەنگاری تیرۆر ببێتەوە، هاوكات دەبێت زامنی ئەوەش بكات كە لەژێر چەتری سەروەری یاسادا ئەو رێكارانە جێبەجێ بكرێت.

شایانی باسە بەرەبەیانی ڕۆژی  دووشەممە، هەریەک لە سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى ئامەد، ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى مێردین، بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان هاوسەرۆک شارەوانیى وان کە سەرجەمیان لەسەر لیستی هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا هەڵبژێردراون، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە.

 وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاوی کردەوە؛ بەتۆمەتی پەیوەندی بە تیرۆرەوە ئەو سێ هاوسەرۆک شارەوانییە لە کارەکانیان دوردەخرێنەوە و قەیوم لە جێگەیان دادەنرێت.

لە ساڵی (۲۰۱۵)ـەوە هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی بەدەپە و پەرلەمانتارانی هەدەپە دەستیپێکردوە و زیاتر لە (۱۰۰) هاوسەرۆکی شارەوانی کوردستان دەستگیرکران و قەیوم لە شوێنەکانیان دانرا، تا لە هەڵبژاردنەکانی (۳۱)ی ئازاری ئەمساڵ، هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، زۆرینەی ئەو شارەوانییانەی بردەوە، ئێستاش جارێکی دیکە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی باکوری کوردستانی دەستپێکردوەتەوە.

مانگی ئابی ساڵی (۲۰۱۶) پەرلەمانی تورکیا یاسای قەیومەکان لە پەرلەمانی تورکیا دەنگی لەسەردرا، کە بەپێی ئەو یاسایە ئەو سەرۆکی شارەوانییانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر دەکرێن، دەسەڵات دراوەتە وەزارەتی ناوخۆ سەرۆک شارەوانییەکان لەکار دوربخاتەوە و لە شوێنەکەی ئەو کەسێکی دیکە بەناوی قەیوم دابمەزرێت

 

 

 

 

 

News Code 224337

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha