بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دانیشتنی دادگەیی کردنی عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان، لە پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستیپێکرد کە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی بە مەبەستی رێکخراوی تیرۆریستی" و "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر لە خۆپیشاندانەکان دا" درابووە دادگە.
لەمبارەوە محەممەد ئەمین ئەکتاری پارێزەری عەبدوڵڵا زەیدان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێنجەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد، بە تۆمەتی یارمەتیدانی رێکخراو، سزای سێ ساڵ و ۹ مانگ زیندانیکردنی بەسەر عەبدوڵڵا زەیدان، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان ـدا سەپاند".
ئاکتار دەڵێ، لەبەرئەوەی عەبدوڵڵا زەیدان لە چوارچێوەی هەمان بڕیاردا کە لەلایەن دادگەی باڵاوە هەڵوەشێنرابووەوە ۵ ساڵ و دوو مانگ لە زینداندا مابووەوە، جارێکی دیکە ناچێتەوە زیندان.
ئاکتار سەبارەت بە ئەگەری دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان گوتی، "کردەوەیەکی یاسایی نییە و بەپێی یاسا ناتوانن قەییوم بۆ گەورەشارەوانی وان دابنێن، بەڵام لەبەرئەوەی بڕیارێکی سیاسییە، من ناتوانم هیچ شتێک لەو بارەیەوە بڵێم."
Your Comment