کورتەی هەواڵەکانی ۱۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۳ی هەتاوی

کورتەی گرینگترین هەواڵەکانی ۱۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۳ی هەتاویتان لە ستۆدیۆی کوردپرێس پێشکەش دەکرێ

هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ ئەردۆغان و باخچەلی:

چارەسەری پرسی کورد بەو شێوەیە نابێت، لەلایەک تەوقە دەکەن و لەلایەکی دیکەوە زللە دەوەشێنن

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئاکپارتی و مەهەپە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیا دەڵێت: ئێوە لەلایەکەوە تەوقە دەکەن و لەلایەکی دیکەوە شەق و زللە دەوەشێنن. پرۆسەی چارەسەری بەو شێوەیە نابێت. ناوبراو دەشڵێت  ئەگەر لەم وڵاتەدا کێشەی کورد نەبێت و هەموو هاووڵاتییان هەست بە یەکسانی بکەن وڵات دابەش نابێت.

ئەردۆغان و سوودانی جەخت لە سەرخستنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکەنەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ سەرۆک‌کۆماری تورکیا کۆ بووەوە و لەبارەی ئەو بابەتانە قسەیان کرد کە جێگەی بایەخی هەردوولان.

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لەبارەی ئەو کۆبوونەوە دەڵێت: لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کراوە و  تێیدا رەجەب تەییب ئەردۆغان ئاماژەی بە پەیوەندییە بە‌هێز، مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کرد و جەختی لە پەرەپێدانی زیاتر و سوودوەرگرتن لە فراوانکردنی بازنەی پێکەوەکارکردن بۆ سەرخستنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کردووەتەوە.

مەسعوود بارزانی: حکوومەتی داهاتووی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک هێزی پێشمەرگە بێت

سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌باره‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تی داهاتووی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگه‌یاند: "هەڵبژاردن تەواوبوو ئیتر کاتی ئەوەیە گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکرێت لەنێوان لایەنەکان و جەختیشی کردەوە، حکوومەتی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت ‌و یەک هێزی پێشمەرگە بێت".

News Code 224328

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha