بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە و لەمەودوا تەنیا خۆی بۆ پۆستە حیزبییەکەی تەرخان دەکات کە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییە لە بەغداد.
دەستلەکارکێشانەوەی نزار ئامێدی لە پۆستە حکوومییەکەی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی و پەیڕەوی هەموارکراوی ناوخۆی حیزبەکەیە، کە ئاماژە بەوەدراوە سەرجەم ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پێویستە خۆیان بۆ کاری مەکتەبی سیاسی تەرخان بکەن و هیچ پۆستێکیان لە دەرەوەی حیزب نەبێت.
نزار ئامێدی، لە کۆنگرەی پێنجی یەکێتیدا بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و دواتریش وەکوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵیشەوە کراوەتە لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە بەغداد.
نزار ئامێدی، ڕایگەیاند یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ژینگەی عێراق و بەمزووانە ناوەکەی ئاشکرا دەکرێت.
شایانی باسە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی دوو وەزارەتی وەرگرت، کە بریتی بوون لە وەزارەتەکانی ژینگە و داد.
Your Comment