لاهوور شێخ جەنگی لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام جەلال پەیامێکی بڵاو کردەوە

لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراقدا وێنە و پەیامێکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەسبووک بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکەی لاهوور شێخ جەنگی:

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مام و ڕابەری گەورەم مام جەلالە. رۆحی شاد بێت و خوای گەورە لێی خۆش بێت!
بۆ یادی ئەو مرۆڤە مەزنە کە بە شەخسی بۆ من قوتابخانەیەکی گەورە بوو، دەڵێم: ناو، پێگە و کاریگەرییەکانی ئەو لە مێژووی سیاسەتی کوردیدا، زیندوو و گەش دەمێننەوە. وەک چۆن نەیارەکانی لە رابردوودا نەیانتوانی بیشێوێنن، کوڕەکانیشی تاسەر ناتوانن لە سەر مێژوو و  ناوی ئەو بژین و، کاری لار و ناجۆر بکەن؛ خەڵک دوێنێی جەنابی مام جەلال بە هەموو باشی و خراپییەکانەوە دەبینێ و ئێستای ئەوانیش  دەبینێ کە خۆیان و کردەوەکانیان بەناوی ئەوەوە هەڵواسیوە!
بۆ من، وەفا بۆ مامم مام جەلال، تەنها رەهەندی سیاسیی نییە. بەڵکو رەهەندی کۆمەڵایەتی و ئینسانیی زۆر قوڵی هەیە. بۆیە هەتا مابم، هەوڵ دەدەم خاڵە گەش و جوانەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو گەش ڕابگرم. سوپاسگوزار و بەوەفا بم بەرامبەر دەستگرتن و ئامۆژگاری و پشتیوانییە زۆرەکانی بۆ من!
ئەو هێشتا لە دیدی من و زۆرێک لە هەڤاڵان و خەڵکدا، یەکێکە لە هەڵکەوتوترین مرۆڤەکانی مێژوویی سەد ساڵی ڕابردووی باشوری کوردستان.
یادت بەخێر و گۆڕت پڕ نور و رۆحت شاد مامە گیان. دەزانین جەنابت بێبەری و دووری لە هەموو ئەو تاوانانەی دوای خۆت بە ناوی تۆ و بە مێژوی تۆوە دەکرێ!

لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی

News Code 224174

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha