سەرەتای کێشەکە چۆن ڕوویدا؟
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی شارپرێس لە ڕاپۆرتێکی کورتدا بڵاوی کردەوە دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی داوا لە مەلا بەختیار دەکات لە کەمپینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی لە یەکێتی بکات، بەڵام مەلا بەختیار ئەو داواکارییە ڕەتدەکاتەوە..
دواتر بافڵ تاڵەبانی لەڕێگەی قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کە دۆستایەتی لەگەڵ مەلا بەختیار هەیە، دەیەوێت کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیی ئەنجامبدرێت، بۆ ئەو مەبەستە قەیس خەزعەلی پەیوەندیی بە مەلا بەختیارەوە دەکات، بەڵام ناوبراو جارێکی دیکە ڕەتیدەکاتەوە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆببێتەوە..
لەپاش ئەو هەوڵانە بافڵ تاڵەبانی بڕیاردەدات بە زەبری هێز ئەو شوێنانە لە ژێر دەستی مەلا بەختیار دەربهێنێت، دواتریش دەزگای دارایی یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، ئەو شوێنانە موڵکی یەکێتین.
تەقینەوەی ناکۆکییەکانی مەلا بەختیار و بافڵ تاڵەبانی کاردانەوەی دروستکردووە، بەشێک لە هاوڕێکانی ناوبراو کە پێشتر لەنێو یەکێتیدا بەرپرسیارێتییان هەبووە، هۆشداریی دەدەن لەوەی بافڵ تاڵەبانی ئەوەی بەرامبەر مەلا بەختیار کردی، بەرامبەر سەرکردەکانی دیکەش دەکات.
ڕۆژی هەینی مەلا بەختیار لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هاوڕێکانی ڕایگەیاند، ئێمە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو ڕاستەقینە و فرە مینبەری، بەرەو باشتر بەرگری کردن لە ئازادی و دیموکراسین، ئەوانی دیکە یەکێتی نین چوونکە نە ئازادیان قبووڵە نە دیموکراسییان قبووڵە، هەتا تەوقی سەریان گەندەڵن.
Your Comment