بانگی ئازادی لە بەردەم دادگاکانی هەولێر و دادگای شۆڕشدا

بەردەنگێکی کوردپرێس لە یادداشتێکی کورتدا وەکوو کاردانەوەیەک بۆ فەرمانی دەستگیر کردنی ئەدهەم بارزانی دەنووسێت: پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو حیزبەی کە نە دیموکراتیە و نە کوردستانیشە، لە سەرەتای دروستبونی ئەم پارتەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ کاری سەرەکیان بریتی بوە لە کپکردنی دەنگی ئازاد و تیرۆرکردنی دەنگە ناڕازییەکانی کورد، لەو پیناوەشدا هەموو سنورەکانیان بەزاندووە و گوێ بە هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی نادەن.

ئێمەی نەوەی دوای ڕاپەڕین دادگای بەعسیەکانمان نەدیبو، بەڵام لە مێژوودا خوێندبومانەوە کە ئەم دادگایە چۆن دڵسۆزانی کورد و ڕۆڵە ئازادو ئازادەکانی کورد بە کوشتن و زیندان مەحکوم دەکات، ئەگەر ئەوسا دادگای بەعس ئەزیەت و ئازاری کوردەکانی دابێت تا ڕادەیەک ئاساییە، چونکە دووژمنی لە مێژینەی ئێمەی کورد بون و شانازی بوە بۆ تاکی کورد کە بەدەستی سەرانی ئەو دادگایە حکومی کوشتن یان زیندان بدرایە، بەڵام سەد حەیف ئێستا و لە دوای ٣٣ ساڵ لە حکومی خۆماڵی کوردی دادگای ئاسایشی هەولێر جێگای هەمان دادگای بەعسیەکانی گرتۆتەوە و چەندین ڕۆڵەی ئازادی خوازی وەک شێروان شێروانی لە زیندانەکانی هەولێردا زیندانی کردوەو حکومی ئازادی بۆ بکوژانی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و دەیان کەسی دیکە دەرکردوە.

دەقێکی فرێدریک مارتین نێمولەریە ئەڵمانی  ھەیە سەبارەت بەو شێوازەی کە نازییەکان دەنگی خەڵکیان پێ کپ ئەکرد، لەو دەقەدا ئەڵێت:سەرەتا ھاتن بۆ کۆمۆنیستەکان، من بێدەنگ بووم؛ وتم خۆ من کۆمۆنیست نیم.
دواتر ھاتن بۆ جووەکان، من بێدەنگ بووم؛ وتم خۆ من جوو نیم.
دواتر ھاتن بۆ سەندیکاکان، من بێدەنگ بووم؛ وتم خۆ من لەگەڵ ئەوان نیم!
دواتر ھاتن بۆ کاثۆلیکەکان، من بێدەنگ بووم، چونکە من پرۆستانت بووم.
دواتر کە ھاتن بۆ من، کەس نەمابوو دەنگ ھەڵبڕێ!

دۆخی ئەمڕۆی هاوڵاتیانی کوردستان بەدەست زوڵم و زۆری دادگاکانی پارتیەوە وەک دۆخی دادگاکانی نازییەکانە، ئەو دادگایەی کە دەبوو خزمەتکار و چەسپێنەری یاسابێت، ئێستاش وەک ڕابردوو چۆن فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ نەوشیروان مستەفای ئەندازیاری ڕاپەڕین دەرکرد، هەمان دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ کەسایەتیەکی دیکەی وەک شێخ ئەدهەم بارزانی دەرکردوە، ئێمە پێویستە هەڵوێست وەربگرین لە هەمبەر بڕیارەکانی ئەو دادگایەی پارتیدا، ئەگەر هاوڵاتیان هەڵوێستی جدیان نەبێت ئەوا دوور نیە سبەی و دوو سبەی تەقە بدەن لە دەرگای ماڵەکانمان و لەسەر هەڵوێستە جوانەکانمان ئەمری دەستگیرکردن بۆ ئێمەش دەربچێت.

News Code 223807

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha