بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازیی کرد لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و وەفدێکی باڵای سەربازی و ئەمنی.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتە سەربازی و ئەمنییەکان تاوتوێ کران و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی گفتوگۆی لەبارەوەکرا، بەردەوامیی هەماهەنگییە هەواڵگری و ئەمنییەکانی سەرجەم هێزە چەکدارەکان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، جەختی لێکرایەوە.
نووسینگەی سەرۆكی یەكێتیی ئاماژەی بەوەش كردووە، "سەرۆكی یەكێتی لەبارەی دۆخی ئەمنی و چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچەکە بەرچاوڕوونیداوە و گوتویەتی، روونە مەترسییەکانی تیرۆر کۆتاییان نەهاتووە و جموجوڵەکانی داعش بەردەوامە".
باسی لەوەش كردووە، "بۆیە پێویستە هاوکارییە هەواڵگری و ئەمنییەکانیش بچنە ئاستێکی باڵاتر و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر توندتر بکرێتەوە، تاوەکوو هیچ بوارێکیان بۆ نەمێنێتەوە و سەقامگیری و ژیانی خەڵکەکەمان پارێزراوبن".
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا جەلال شێخ ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری و لیوا روکن عومەر ساڵح، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ۷۰ ئامادەبوون.
Your Comment