"بەخشی" وەک وەگێڕی پەراوێزکەوتەی چاندی کوردی/ بەختیار سەجادی

بەشی فەرهەنگ و هونەر- دوکتور بەختیار سەجادی مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی بەشی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان سەرنجێکی کورتی گواستۆتەوە بۆ کوردەکانی خوراسان و "بەخشییەکان" وەک بەشێکی دانەبڕوای سیستەمی فەرهەنگیی کوردەکانی خوراسان پێناسە دەکات.

کوردپرێس:

دەقی یادداشتەکەی دوکتور سەجادی کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەبارەی پێگەی بەخشییەکان لە فەرهەنگی کوردی خوراساندا بڵاوی کردۆتەوە:

کوردانی خوراسان خاوەنی فۆلکلۆرێکی دەوڵەمەندن، بە تایبەت لە بەشی وێژەی زارەکی و موزیکدا. بەخشییەکان لە پێگەی میراتگر و وەگێڕدا و تەنانەت هەندێ جاریش وەک بەرهەم‌هێن و دانەری موزیک و وێژەی زارەکی، بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمی فەرهەنگیی کوردانی خوراسان‌ پێک‌ئەهێنن. "بەخشی" کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە پاراستن و پەرەپێدانی ڕەوتی بەرهەم‌هێنانی بەشێکی ئەو کەلەپوورەدا، کە مخابن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بەرەو کاڵ‌بوونەوە دەچێ.

سوهراب محەمەدی ناسراو بە "سوهراب بەخشی" لە تەمەنی هەشتا و دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو به دووتارەکەیەوە هەست و ڕۆحی بەردەنگی دەهێنایە جۆش و خرۆش و ڕۆدەچووە سروشتی ئەفسووناوی و مێژووی پڕهەوراز و نشێوی کوردانی خوراسانەوە. "بەخشیی خودبەند"، ئەو جێگە و پێگە بەرزەیە مامۆستا سوهراب پێی‌گەیشتبوو؛ ئەمە پلە و ئاستێکی ساکار نییە و بەڵکوو بەو بەخشییە دەوترێ کە بێجگە لە کارامەیی لە ژەنینی ئامێری دووتار و شارەزایی لە چیرۆک و دیلۆکە فۆلکلۆریکەکاندا، ئەرکی ئاوازدانان و هۆنینەوەی شیعر و گێڕانەوەی هونەرمەندانەی ڕووداوەکانیشی لە ئەستۆدایە.

وەک چۆن مامۆستا هێمن بە دروستی و بەر لە زۆر کەسی تر پێی وتین، مەرگی بەیت‌بێژانی ناوچه‌ی موکریان بە مانای نەمانی گەلێک چیرۆک و ئەفسانەیە کە تەژین لە مۆرکە ڕەسەنە فەرهەنگییەکان، هەر بە هەمان شێوەش مەرگی بەخشییە کورمانجەکانی خوراسان واتە چوونە ژێر گڵی دنیایێک سەربردە، ئاواز، لیریک و چیرۆکی پاڵەوانی.

پاییزی ۷۹ی هەتاوی، واتە دەوربەری بیست ساڵ لەمەوبەر، لە ژێر گوشار و هەڕەشەی کۆمەڵێ توندڕەوی دانیشتووی مەشهەددا، کۆڕێکی زانستی بۆ ناسینی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی و ناساندنی بەشێک لە فەرهەنگ و هونەر و وێژەی کوردەکانی خوراسان لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی فێردەوسیی مەشهەد بەڕێوە چوو. بەندە لەوێ گوتارێکم پێشکەش کرد سەبارەت بە ڕەخنەی ئەدەبی لە ئەدەبی کوردیدا. مامۆستای گەورە، سوهراب بەخشی، ئامادە بوو و بەو بەرهەمانەی پێشکەشی کردین ئێمەی ئاگادار کردەوە، نەک لە دنیای هونەری ڕەسەن، بەڵکوو لەو دنیا پەراوێزکەوتەیەی کورمانجەکانی خوراسانی تێدا ژیاون و دەژین.

لەو سەفەرەدا بوو کە زانیم کوردی خوراسان چەندە دەوڵەمەند و ڕەسەن و بەڵام پەراوێزخراو و سەرکوتکراون. بەندە دەیان بەڵگە و بڕوانامە و خەڵات و سپاسنامەی فەرمیم لە شوێنە جیاجیاکانەوە وەرگرتووە، بەڵام لێرەدا بە شانازییەوە دەقی ئەو سپاسنامەیە دادەنێم کە کوردانی خوراسان بە منیان بەخشی. سەیری بکەن بزانن بە ڕواڵەت چەندە ساکار و بێ‌پرۆتۆکۆلە، کەچی بێ‌ڕیایە و بە ناوەرۆک پڕبایەخ.

News Code 189724

Your Comment

You are replying to: .
captcha