کۆکردنەوەی 73 هەزار ڕەنگ لە زمانی کوردیدا

بەشی فەرهەنگ و هونەر- فەرهەنگی ۹بەرگیی ئینسایلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی نووسراوی سەحەر موعێزی لەچاپ درا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش سێزدە ساڵ گەڕان و کۆکردنەوە "پازار" کە فەرهەنگی ئینسایلۆپێدیکی ڕەنگی کوردییە بە هەوڵ تێکۆشانی خاتوو سەحەر موعێزی لە ئاکادیمیای کوردی و چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر چاوی لە ڕووی دنیا هەڵهێنا.

بەختیار سەجادی مامۆستای زانکۆ لەبارەی چاپ‌بوونی "پازار" دەنووسێت:

ئەم فەرهەنگە تەنها بەرهەمێکی دانسقە نییە لە کتێبخانەی کوردیدا بەڵکوو نموونەی هاوشێوەشی لە زمانەکانی تر و لەو ئاستەدا نادۆزرێتەوە. کتێبەکەم بەر لە چاپ بینیوە و تا ڕادەیەک ئاگاداری ڕەوتی دانان و بڵاوکردنەوەیەم. کارێکی بێ‌وێنە و ناوازەیە. نموونەیەم لە هیچ زمانێکی تردا نەبینیوە: حەفتا و سێ هەزار ڕەنگ! کورد تەنها بۆ ڕەنگ حەفتا و سێ هەزار وشەی هەیە! سەرەتا باوەڕم نەدەکرد، بەڵام دوای بینین و پشکنینیەوە لە لایەکەوە شاگەشکە بووم بەو دەوڵەمەندییە و لە لایەکی تریشەوە ناڕەحەت بووم لەبەر ئەوەی دەسەڵاتە جیاجیاکان ئاوڕیان لەو دەوڵەمەندییە نەداوەتەوە و بۆخۆشمان ئاگامان لێ نییە.

کوردی لە ڕووی ژمارەی پەیڤ و وشەوە و لە باری داڕشتنی وشەوە و بە هۆی شێوەگەل و ڕێساگەلی وشەسازییەوە بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکان دادەنرێت. شێوەزارە کوردییەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا - جیاواز لە ڕووی جوگرافی، ئایینی و فەرهەنگییەوە - لە ژێر دەسەڵاتی سیاسیی جیاوازدا بە شێوەی خودبژیو و دوور لە یەک گەشەیان کردووە و نەبوونی پێوەندییەکی ڕێکخراو و هەمیشەیی لە نێوان دەسەڵاتە گەورە و بچووکەکانی سەردەمانی ڕابردوودا هێندەی تر سەربەخۆییی ڕێژەییی بەخشیوەتە شێوەزارەکان. هەر شێوەزارێکیش بۆخۆی بەسەر چەندین تاقم و دەستەی زمانیدا دابەش‌ کراوە و هەڵگری قامووسی وشەی تایبەت بە خۆیەتی.

پێکهاتەی نەریتیی جڤاتە کوردییەکان لە ڕابردوودا و ئامادەبوونی یەکەگەلی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی لە سیستەمی فەرهەنگیی نەریتەواندا و هەروەتر بایەخی هەرە گرنگی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ لە گوندەکاندا تێکڕا هۆکاری سەرەکین بۆ فرەیی و زۆربوونی پەیڤی کوردی. فۆلکلۆری کوردیش، ڕێک وەک زمانی کوردی، چەشناوچەشن و فرەڕەنگ و چەندلایەنەیە. فۆلکلۆری کوردی بەسەر چەندین بەشی جیاوازدا دابەش دەکرێت و هەر بەشێک دەیان بن‌جۆر و ژێرچەشنی لەخۆگرتووە. کە ڕووبەڕووی دەوڵەمەندی و بەرفراوانیی زمان و فۆلکلۆری کوردی بووینەوە، پەسەندکردنی ئەو ڕاستییەی کورد حەفتا و سێ هەزار وشەی بۆ ڕەنگ هەیە ئاستەم نییە.

پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە بەڕێز خاتوو سەحەر موعێزی دەکەم کە ماندوویی‌نەناسانە پرۆژەیەکی گەورە و پڕوردەکاریی لەو چەشنەی سەرکەوتووانە تەواو کرد و بەم شێوەیە ناوی خۆی وەک مرۆڤێکی هەڵکەوتە و بلیمەت لە مێژووی نەتەوەیەکی بێبەشدا تۆمار کرد. ئەم خاتوونە سیانزە ساڵی تەمەنی بۆ ئەم کارە تەرخان کردووە و هەر بۆیەش شایانی هەموو جۆرە ڕێزلێنانێکە. هەروەهاش، سوپاسی ئەکادیمیای کوردی و بە تایبەت بەڕێز دکتۆر عوسمان دەشتی دەکەم کە بەرەو پیری داواکارییەکەمانەوە هاتن و بڕیاریان دا لە چاپی بدەن.

سەرەتا بڕیار بوو پێشەکییەکی تێروتەسەل بۆ ئەم خەرمانە بەپێزە بنووسم، بەشێکیشم جێبەجێ کرد، بەڵام بەداخەوە کەمیی کات و زۆریی کار مۆڵەتی پێ نەدام هەمووی تەواو بکەم. گرنگ ئەوەیە خودی بەرهەمە بەپێزەکە لە چاپ‌ درا. دیسانەوە پیرۆزبایی لە هەموو تاکێکی دڵسۆزی کورد و هەموو ئەویندارانی پەیڤ و فۆلکلۆری بێ‌نازکەوتەی کوردی دەکەم. لە ڕووی ئەکادێمیکیشەوە، ئەم بەرهەمە گەلێک سوودبەخش و بەکەڵکە بۆ توێژەرانی بوارگەلی زمان، زمانناسی، فۆلکلۆر، ئەدەبی زارەکی، مرۆڤناسی و کۆمەڵناسی.

لە کۆتاییدا دیسانەوە دەست‌خۆشی لە دانەری زێدە هێژای ئەم بەرهەمە ڕەنگینە دەکەم و ماندوونەبوونی پێ ئەیژم. وەکوو کوردێک سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ ئەو بارە قورسەی ئەم خاتوونە قەدرگرانە شانی داوەتە بەر. جێگای خۆشحاڵی و مایەی شانازییە کاتێ دەبینین خاتوونێک، سەڕەڕای کۆسپ و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی ژیان لە ناوچەیەکی گەشەنەسەندوو و پڕئاریشەدا، بە هیچ شێوەیەک کۆڵ نادات و بەشێکی گەورەی ‌کات و وزەی خۆی تەرخان دەکات بۆ بەرهەمێکی ناوازەی لەو جۆرە. هیوادارم لە هەموو ژیانیدا سەرکەوتوو و سەرفەراز بێت، وەک هەمیشە.

News Code 6817

Your Comment

You are replying to: .
captcha