دیاریکردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ده‌سه‌ڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە نەک دواخستنی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌کێتی پێداگری ده‌کات که‌ هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا بکرێت و قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان توشی لاوازیی زیاتر نه‌بێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕ‌ێواز فایه‌ق سه‌رۆکی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان له‌دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی کوردستانی نوێ ڕایگه‌یاندووه‌: "جه‌ختکردنه‌وه‌ی  یه‌کێتیی له‌سه‌رئه‌وه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا بکرێت،  پابه‌ندبوونه‌ به‌ناوه‌ڕ‌ۆکی مه‌رسومی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان به‌ دیاریکردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردن، ئه‌وه‌ش مافی گه‌لی کوردستانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانی خۆیان هه‌ڵبژێرن بۆ په‌رله‌مان و حکوومه‌تێکی نوێ دابمه‌زرێت".

ناوبراو وتیشی: "پێداگریمان پابه‌ندبوونمانه‌ به‌بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا به‌کۆی ده‌نگ بڕ‌یاریدا، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنین له‌واده‌ی خۆیدا، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش له‌و واده‌یه‌دا نه‌کرێت و سه‌رۆکی هه‌رێم  ده‌سه‌ڵاته‌کانی خۆی به‌کارهێنا له‌کێشاندنه‌وه‌ی مه‌رسومه‌که‌ی یان دواخستنی هه‌ڵبژاردن، به‌بڕ‌وای من وه‌کو که‌سێکی یاسایی دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێمدا نییه‌، به‌ڵکو دیاریکردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شبکرێت ئه‌وا کارێکه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خواستی یه‌کێتی روده‌دات، چونکه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا بکرێت".

ڕێواز فایەق ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، "ئێمه‌ پێمانوایه‌، هه‌مو ره‌گه‌زه‌کانی به‌ڕ‌ێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنێکی ته‌ندروست له‌هه‌رێم ئاماده‌یه‌، کۆمسیۆن و یاسا هه‌یه‌و هێزه‌ سیاسییه‌کان ئاماده‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن جگه‌ له‌پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ڵام  ئێمه‌ پابه‌ندین به‌و بنه‌ما دیموکراسییانه‌ی که‌ ماف ده‌دات به‌خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا بکات".

ناوبراو ده‌شڵێت، "سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کانی یه‌کێتی له‌ئاماده‌کاریدان بۆ هه‌ڵبژاردن و لیستی کاندید، به‌رنامه‌ی کاری یه‌کێتی بۆ هه‌ڵبژاردن، دروشمه‌کانی یه‌کێتی، کاروباره‌ لۆجستی و  ته‌کنیکییه‌کان هه‌روه‌ها  لیژنه‌کانی سه‌رپه‌رشت هه‌ڵمه‌تی  هه‌ڵبژاردن  له‌بازنه‌کانی  هه‌ڵبژاردنیش دروستکراون، سه‌رۆکی لیژنه‌کان و ئه‌ندامانی لیژنه‌کان، وردکردنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش له‌ناو هه‌ر بازنه‌یه‌کدا کراوه‌ له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ند و کۆمیته‌کانی یه‌کێتییه‌وه‌".

ڕ‌ێواز  فایه‌ق ئه‌وه‌شی ئاشکراکردووه‌، "وه‌ک یه‌کێتی پێمانوایه‌ قۆناغه‌که‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ کۆتایی و هیوادارین هه‌ڵبژاردن له‌کاتی خۆیدا بکرێت و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ستی هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌رنه‌چێت، چوونکه‌ یه‌کێک له‌هۆکاره‌ بنه‌ڕ‌ه‌تییه‌کانی لاوازبوونی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێمی کوردستان نه‌کردنی هه‌ڵبژاردن و نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی و ڕاسته‌قینه‌یه‌ له ‌هه‌رێمی کوردستان".

News Code 223431

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha