بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێلێکی تایبەت بە دۆخی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ باسی لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆخی ئێستای ناوچەکە کرد.
سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریکا و دابەشکردنی مووچە
بە گوتەی پشتیوان سادق، "سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا رۆڵێکی گەورەی هەبوو لەوەی سەرۆکی ئەمەریکا و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەکاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی، بە ڕوونی باسی (مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان) و چارەکردنی كێشەکانی هەولێر و بەغدا بکەن".
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی گوتی، "هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێگەی رێزێکی زۆرە و سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کێشەکانی دیکەش چارەسەر بکرێن".
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
پشتیوان سادق باسی لەوەش کرد، "کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف لە هەرێمی کوردستان بکرێت، واتای ئەوە دەگەیەنێت، دەستوەردان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت."
وەکوو خۆی ئاماژەی پێدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "لەگەڵ حیزبەکان لە گفتوگۆدایە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی کە ئەمە پرەنسیپی پارتی بووە لە ڕابردوو و ئێستادا". گوتیشی، "سەدا ۹۰ـی ئەو حزبانەی ناویان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە باوەڕیان وایە کە هەڵبژاردن بە بێ پارتی ناکرێت".
گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پشتیوان سادق، لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێوەگلانی عێراق لەو کێشانە، ڕایگەیاند، "تێوەگلانی عێراق لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، ئاییندەی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەوە".
وەکوو ئەوەی ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "دەیەوێت عێراق ئارام و سەقامگیر بێت و، دوور بێت لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە".
هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەوەی پشتیوان سادق ئاماژەی پێ دا، "بەشێک نییە لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە و لە بەرژەوەندیی ئێمەشدا نییە، لەو گرژی و ئاڵۆزییانە تێوەبگلێین".
Your Comment