شه‌رت کرداره‌، خه‌ڵک لە قسە کردن بێزار بووه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند، شه‌رت کرداره‌، ئێستا ئه‌وه‌نده‌ قسه‌مان کردووه‌، خه‌ڵک بێزاربووه‌ له ‌قسه‌کردن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵه‌بانی له‌ مه‌راسیمی ۳۶ ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفالدا لە گەرمیان له‌ په‌یامێکدا ڕایگه‌یاند، "له‌ ساڵانی ڕابردووش قسه‌مان زۆر کردووه‌، من بۆخۆشم قسه‌م کردووه‌، پێموایه‌ خه‌ڵکیش بێزاربووه‌ له ‌قسه‌".

ناوبراو ده‌شڵێت: "ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک له‌نوێنه‌رانی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان دانیشتنێکی چه‌ند سه‌عاتیمان هه‌بووه‌، داواکاریی و گله‌یی و گازنده‌ی به‌شێکی زۆر له ‌که‌سوکاری ئه‌نفالکراوانیان پێشکه‌شکردووین، توانیومانه‌ به‌شێکیان جێبه‌جێ بکه‌ین و به‌شێکی دیکه‌ش ڕێکاری بۆ داده‌نێین بۆ جێبه‌جێکردنیان".

جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌، "پێموایه‌ باشترین په‌یام، په‌یامی ده‌می و قسه‌کردن نییه‌، به‌ڵکوو په‌یامی کرداریه‌، پشت به‌خوا له‌گه‌ڵ ئه‌م خوشک و برایانه‌م له‌نوێنه‌رانی که‌سوکاری قوربانیان ئه‌نفال، پێکه‌وه‌ کار له‌سه‌ر داواکاریه‌کان ده‌که‌ین و ساڵی داهاتوو ده‌توانین له ‌که‌شوهه‌وایه‌کی دیکه‌دا یادی ئه‌نفال بکه‌ینه‌وه‌".

News Code 223347

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha