بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاری هەرسین لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمریکادا ڕەتیکردەوە کە گۆڕانکارییەکان لە یاسای هەڵبژاردن ببێتە هۆی دروستکردنی باڵانس لە نێوان یەکێتی و پارتی و وتی: "باڵانسی هێز ئەگەر مەبەست لێی ئێمە ئاوت بکەن و خەڵکی تر بخەنە جێگەی ئێمە ئەوە قەت ڕونادات. باڵانسی هێز بەوە ڕادەگیرێت کە پەیوەندییەکی شیاو لەنێوان حزبەکاندا هەبێت لە چوارچێوەی حکومەتێکدا بە بوونی ئۆپۆزسیۆن، ئەوە ڕاگرتنی باڵانسە، ئەگەر ڕاگرتنی باڵانس بەوە لێکبدرێتەوە کە پارتی ئاوت دەکرێت واتە دەچینە ماڵەوە دادەنیشین و خەڵکی تر حوکمی کوردستان دەکات ئەوە خەونێکی خۆش خەیاڵیە و هەرگیز نایەتە دی."
لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ۲۱ی مانگی دووی ئەمساڵ، ڕۆژی ۳ی مانگی ۳، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی سەرۆکایەتی تایبەتی دەرکرد و ڕۆژی ۱۰ی مانگی ۶ی ئەمساڵی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کرد.
سەرەڕای بڕیاری پارتی بە بەشداریی نەکردن لە هەڵبژرادن، یەکێتی پێداگری دەکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا.
حاکم سابیر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بۆردی هەڵبژاردنی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئێمە وەک خۆمان ئامادەین و دەچینە ناو پرۆسەکە. هەموو حزبێکیش ئازادە ئێمە باوەڕمان بە ئازادی هەیە، ئەگەر حزبێک بە ئازادی خۆی دەیەوێت بەشداری هەڵبژاردن نەکا ئەوە قسەیەکی ترە. لە لای ئێمە ئازادی شتێکی گرنگە. لای یەکێتی هەموو لایەنێک بیروڕای خۆی هەیە و مافی هەیە ئازادانە هەڵسوکەوت بکات، ئازادانە دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات یاخود نەکات".
بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەلایەن پارتیەوە، نیگەرانی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە. ۱۸ی ئەم مانگە ئالینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە تویتێکدا نیگەرانی خۆی لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە لایەن پارتیەوە دەربڕی. دوا بە دوای ئەوە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا کۆبۆوە و ڕایگەیاند،" پارتی ترسی لە هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو تێبینی لەسەر شیوازی هەڵبژاردن و مەترسی تێکدانی بنەماکانی پێکەوە ژیان هەیە".
لەبارەی ئەگەری سوربوونی پارتی لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، ئاری هەرسین ڕایگەیاند، "ئەگەر بێت و ئەوانەی لە بەغداد بڕیاریان بە دەستە، واتە حکومەتی ژێر زەمینی نەک ئەوانەی لەسەر کورسین و لە تیڤی دەردەکەون، ئەگەر باشی نیەتییان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە عیراقدا، بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردن دەکرێت. بەڵام ئەگەر هەر بە عینادی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بجوڵێنەوە و خەڵکی تر سیاسەتیان پێبکات و ئەوان بەس جێبەجێی بکەن زۆر قورس دەبێت هەڵبژاردن".
Your Comment