ئێوە خەتابارن یان دادگای باڵای فیدڕاڵی؟/ یووسف محەمەد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر یووسف محەمەد سادق سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لە یادداشتێکدا باس لە ئەدای دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەربە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق دەکات و دەسەڵاتداران ڕادەسپێرێت کە باشترین بژاردە بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەت دەسەڵاتداران، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە.

دەقی یادداشتەکەی دکتۆر یووسف محەمەد:

ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەتایبەت لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتی ناو پارتی، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دژ بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەستپێکردوە و ئەیانەوت سەرجەم تەنگژە و کێشەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستنەوە بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە و بە هۆکاری لاواز کردنی هەرێمی لەقەڵەم ئەدەن!

بەڵام پرسیاری سەرەکی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەیە کە ئایا هەر بە ڕاست کێشە سیاسی و داراییەکانی هەرێم لە بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە دەستیان پێکرد یان بە هۆی ناکارامەیی و نەشارەزایی و گەندەڵیی ئێوەوە ئەم کێشانە دروست بون!؟ ئێوە بە سەربەخۆ نەوتتان فرۆشت لە بری خۆشگوزەرانی پاشەکەوتی مووچە و لێبڕینی مووچەی نزیکەی شەست مانگی ساڵانی ڕابردووتان کردە خەڵاتی خەڵکی کوردستان! نەوتتان فرۆشت و لە بری ئەوەی لە داهاتەکەی سندووقی پاشەکەوتی ستراتیژی دروست بکەن، خۆتان باس لە (٢٧) ملیار دۆلاری قەرز ئەکەن کە بەسەر خەڵکی کوردستانتان هێناوە! ئەوەندە بە نەشارەزایی ئیدارەی مەلەفی نەوتتان دا لە هەر شوێنێک سکاڵاتان لە دژ جووڵا، دۆڕانتان، لە دادگاکانی ئەمریکا، لەندەن، پاریس، لە هەمووی دۆڕانتان و هەر بە هۆی ئەم دادگاییانەشەوە جارێکی تر چەند ملیار دۆلارێک زیانتان لە هەرێمی کوردستان دا! ئێستاش کە دوای گرتنەوەی قوفڵی بۆریی نەوتی هەرێم بە هۆی بڕیارەکەی دەستەی ناوبژیوانیی پاریسەوە بە رەسمی ناتوانن نەوت بفرۆشن، ئەمەتان قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی خۆتان بدزنەوە لە ئاشکرا کردنی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم کە باس لە فرۆشتنی زیاتر لە (٢٥٠,٠٠٠) بەرمیلی رۆژانە ئەکرێت، ئەمە جگە لە داهاتە نانەوتییەکانی تر کە بە دانپیانانی خۆتان مانگانە زیاترە لە (٣٠٠ ملیار دینار)ە.

لە ڕاستیدا بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵی نەک هەر سەرچاوەی کێشە نین، بەڵکو چارەسەری گونجاون بۆ قەیرانە ئاڵۆز و قوڵەکانی ئێستای هەرێم. بۆ نمونە لە دوا بڕیاری ئەم دادگایە سەبارەت بە مووچە بە ژمارە (٢٢٤، ٢٦٩/ ٢٠٢٣)، بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی ٢٠١٥ەوە پرسی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی جیاکراوەتەوە لە سەرجەم کێشە کەڵەکەبوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بە تایبەت لە بواری نەوت و گاز. ئەمە ئەو داوایە بو کە بە درێژایی ساڵانی رابردو هەموان داوامان ئەکرد، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر لە بیری بەرژەوەندییەکانی خۆیانن، ئەوەتا بەغدا ماوەی زیاتر لە دە رۆژە مووچەی مانگی دوی بەشی هەرە زۆری مووچەخۆرانی هەرێمی ناردوە (نزیکەی ٦٠٠ ملیار دینار)، ئەمان بە بارمتەیان گرتوە و دابەشی ناکەن. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی کاتێک لە ١٤- ١- ٢٠٢٤ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا (٦١٥ ملیار دینار) بۆ هەرێم بنێرێت توانرا لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە مووچەی مانگی (١) بدرێت، ئێستا بۆ بەش ناکات!؟ کەواتە دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان سەرچاوەی کێشەن نەک بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی، وەگەرنا با پڕۆسەی بنەجێ کردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێ بکەن و، بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی داوای سەرجەم مووچەی شایستەی مووچەخۆران بکەن بە گەڕاندنەوەی پلەبەرز کردنەوەی فەرمانبەران و، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانیشەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوەڕاست و خواروی عێراق.

ئەو دەرەنجامەی سەرەوە سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش هەر راستە. ئەگەر پارتی زۆرینەی نوێنەرایەتیی کۆتای پێکهاتەکانی بە بارمتەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی نەگرتایە و، رێگای بدایە لەڕێیی نوێنەرایەتیی راستەقینە و رەسەنی خۆیانەوە بونیان لە پەرلەمانی کوردستان بکرێتە سەرچاوەی قوڵکردنەوەی پێکەوەژیان، ئەگەر بە هاوکاریی نوێنەرایەتیی ناراستەقینەی پێکهاتەکان رێی لە پڕۆژەی زۆرینەی فراکسیۆنەکانی تر بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەگرتایە، ئەم لایەنانە ناچار نەدەبون لەسەر ئەم بابەتە داوا لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار بکەن.

دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێت وا وێنای بکەن کە لەم چەند ساڵە دا هەر داوایەک دژیان چوبێتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی، ئەوا یەکسەر لە لایەن ئەم دادگایەوە (گوایا بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم) بڕیاری لەسەر دراوە! رێک پێجەوانەی ئەو بۆچونە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردودا ئەم دادگایە لانی کەم (٢٠) داوای رەد کردۆتەوە لەسەر نادەستوری بونی دەسەڵاتەکانی هەرێم، نادەستوری بونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، نادەستوری و نادروست بونی قانون و بڕیارەکانی دەسەڵاتەکانی هەرێم کە ئەمە ژمارەی هەندێکیانن: (٦٩/ ٢٠١٩)، (٧٩/ ٢٠١٩)، (٨١/ ٢٠٢١)، (٤٧/ ٢٠٢٢)، (٢٧/ ٢٠٢٢)، (٨١/ ٢٠٢٢)، (١٥٦/ ٢٠٢٢)، (٢٠٧/ ٢٠٢٢)، (٢١٦/ ٢٠٢٢)، (٨٧/ ٢٠٢٣)، (١٣٤/ ٢٠٢٣)، (١٤٠/ ٢٠٢٣)، (٢٠٢/ ٢٠٢٣)، (٢٧٠/ ٢٠٢٣)، (٢٤٧/ ٢٠٢٣). ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەو بڕیارانەشی کە ئەم دادگایە سەبارەت بە هەرێم داونی لەسەر داوای هاوڵاتییانی هەرێم بون، وەک ئەم بڕیارانە: (١٤٣/ ٢٠١٨)، (٢١٢/ ٢٠٢٢)، (٢٣٠/ ٢٠٢٢)، (٢٣٣، ٢٣٩، ٢٤٨، ٢٥٣/ ٢٠٢٢)، (١٢٤/ ٢٠٢٣)، (١٧٨/ ٢٠٢٣)، (٢٢٤ و ٢٦٩/ ٢٠٢٣)، (٨٣، ١٣١، ١٨٥/ ٢٠٢٣). ئەگەر دادگاکانی هەرێم لاواز نەکرانایە و سەربەخۆییان نەخرایەتە ژێر پرسیارەوە، ئەوا رەنگە زۆربەی ئەم داوایانە لە هەرێم یەکلا بکرانایەتەوە نەک دادگای باڵای فیدڕاڵی. بەڵام لە هەمان کاتدا دادگای باڵای فیدڕاڵی بەپێی دەستوری عێراق (کە زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی هەرێم دەنگیان پێدا)، هەندێک دەسەڵاتی پێدراوە کە لە دەسەڵاتی دادگاکانی تردا نییە، هەر بۆیەش هاوڵاتییانی هەرێم وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراق مافیان هەیە بچنە بەردەم ئەم دادگایە و بەپێی تایبەتمەندییەکانی، بەرگری لە مافەکانیان بکەن.

هەرچەندە حەزمان بەوە نییە هەموو جارێ بڵێین (وامان وت) و (وا پێشبینیمان کرد) و ئەمەش زۆر ناشرین کراوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمانزانی ئەم شێوازە حوکمڕانییە نا دروستە بەم ڕۆژەمان ئەگەیەنێت. بۆ نمونە لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ هۆشداریمان پێدان پێش دەستبەکار بونەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی و بڕیاردانی لەسەر مەلەفەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ بەغدا رێکەوتنی هاوسەنگ بکەن، وەگەرنا بڕیاری دادگا بەدڵتان نابێت(١). دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمیش وتمان لەژێر رۆشنایی بڕیارەکە لەگەڵ بەغدا رێکبکەون پێش ئەوەی بڕیار لە سەر سکاڵاکەی ژوری بازرگانیی پاریس دەربچێت(٢)، هەر نەتان بیست تا قوفڵی نەتەکەتان لێگیرایەوە و، دواجار ناچار بون هاوشێوەی (خەیمەی سەفوان) بڕۆن رێکەوتنی تەسلیم بون واژۆ بکەن! ئێستاش ئەبێ بڵێین تکایە عینادی مەکەن وەگەرنا رەنگە باجی عینادیی ئەمجارە، دو کەرت بونی تەواوەتیی هەرێم بێت.

باشترین بژاردە بۆ هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەسەڵاتدارانیشی، جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵییە بە تایبەت لە بواری بنەجێ کردنی مووچەی شایستەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و، لەو رێگایەشەوە هەم کەمێک ژیانی هاونیشتیمانییان ئەبوژێتەوە و لە هەمان کاتیشدا رەورەوەی ئابوریی هەرێم بەگەڕ ئەکەوێتەوە.

هەر ئەمەشە وای کردوە زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارانەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بن.

News Code 223263

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha