بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشەمە، ١٩ی ئازاری ٢٠٢٤، کۆنگرەی دامەزراندنی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە بەشداریی زیاتر لە هەزار کەس لە سلێمانی بەڕێوەچوو و تێیدا بڕیاردەری رەوتەکە هەڵبژێردرا و نۆ کەسی دیکەش وەکو دەستەی بەڕێوەبردن دەستنیشانکران.
لە کۆنگرەکەدا عەلی حەمەساڵح وەک بڕیاردەری ڕەوتەکە دەستنیشانکرا و دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەکەش بە رووداوی راگەیاند، "ئەوەی ئێستا کراوە تەنیا کۆنگرەی دامەزراندنە".
عەلی حەمەساڵح وتیشی: "دەمانەوێت هێزێکی سیاسی جیدی، نیشتمانی و پشوودرێژ بین. لە چوار رێگەی خەباتی مەدەنی کە بریتین لە پەرلەمان، یاسا، دیپلۆماسی و شەقام کاردەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکانمان".
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی دەڵێت، ئەوان پێشتر لیژنەیەکیان بۆ ئامادەکاری کۆنگرەکە هەبووە و گوتی، "ئەوەی ئێستا تەنیا کۆنگرەی دامەزراندنە. هەبوونی ئەم کۆنگرەیە یەکێک لە مەرجەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو".
بڕیارە رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداری بکات و بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، "تاوەکو ئێستا لیستەکەمان ئامادە نییە و سەرقاڵی تەتەڵەکردنی ئەو سیڤییانەین کە بۆمان نێردراون".
لەبارەی هەڵوێستی پارتی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی گوتی، "دەبێ جیاوازی لەنێوان ڕێگریکردن و کشانەوە لە هەڵبژاردن بکەین. ئەگەر رێگری لە هەڵبژاردن بکرێت، باجەکەی لە ریفراندۆم قورستر دەبێت".
بە گوتەی عەلی حەمەساڵح، "بیانووەکانی پارتی لاوازن، لەبەر ئەوەی پێشتر کە هەڵەبجە سێ قەزای دیکەشی لەسەربوو، سێ کورسی هەبووە، ئێستا ئەو سێ قەزایەشی لەگەڵ نییە و سێ کورسییەکەی وەک خۆی ماوەتەوە. لەبارەی کۆتاکانیش، هەموو کەسی دەزانێت کە کۆتاکان نوێنەرایەتی پارتی لە پەرلەمان دەکەن" و لەگەڵ ئەوەشدا پێیوایە، "پارتی بەشداری هەڵبژاردن دەکات".
Your Comment