بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق لە راگەیەندراوێکیدا دەڵێت: "داوا دەکەین بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان کار بکەن نەوەک قووڵکردنەوەیان".
یۆنامی لە ڕاگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیران زۆر بە گرنگ دەزانین.
شایانی باسە رۆژی دووشەممە 18ی ئازار مەکتەبى سیاسیى پارتی دیموکراتى کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەن بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، دەشڵێت "ئەگەر رێککەوتننامەى پێکهێنانى حکوومەتى سوودانى جێبەجێنەکرێت ناتوانین بەردەوامبین لە پرۆسەى سیاسی لە عێراق".
یۆنامی دەشڵێت: "وەک چۆن تێبینیمان هەبووە لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، تێبینیمان لەسەر بڕیارەکەی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەبێت".
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە ڕوانگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى لە پاراستنى مافەکانى گەلى کوردستان و سیستمى دیموکراسى لە عێراق، بە بەرژەوەندى گەل و نیشتمانى دەزانن بەشداریى هەڵبژاردنێک نەکەن کە بە نایاسایى و نادەستوریى و لە سایەى سیستمى سەپێندراودا بەڕێوەبچێت".
Your Comment