یەکێتى وەڵامی داواکارییەکانی تورکیاى نەداوەتەوە و ئەوەش واتایەکی نەتەوەیی هەیە

بەشی تورکیا- موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە پەیامێکى ئاراستەى سەرۆکى یەکێتى کرد و  ڕایگەیاند، یەکێتى وەڵامی داواکارییەکانی تورکیاى نەداوەتەوە و ئەو هەڵوێستە واتایەکی نەتەوەیی هەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە میانی چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا لەسەر هەڵوێستەکانى ئەم دواییەى بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى قسە دەکات و دەڵێت: دیدارەکانی تورکیا، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیارە، یەکێتى وەڵامی داواکارییەکانی ئەوانی نەداوەتەوە.

قەرەیلان وتیشى: لە کاتێکدا کەسانی وەک هاکان فیدان، یاشار گولەر و ئەردۆغانیش هەڕەشە لە یەکێتى دەکەن، لەم دواییەدا سەرۆکی یەنەکە بافڵ تاڵەبانیش لە دژی ئەو هەڕەشانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە هەڵوێستی خۆی نیشاندا، من خۆم بافڵ تاڵەبانی ناناسم، نەمبینیوە، بەڵام من زۆر جار مام جەلالم بینیوە، دەتوانم بڵێم، کە ئێمە هاوڕێ بووین، بەڵام لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبان، کە بە گوێرەی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە خوێندومنەتەوە و گوێم لێیان بووە، زۆر ئاسایی و نەتەوەیی بوون.

لە پەیامەکەیدا موراد قەرەیلان دەڵێت: ئەو "بافڵ تاڵەبانی"چی دەڵێت؟ دەڵێت "بۆچی ئێمە دژی پارتێکی کوردی شەڕ بکەین؟ ئێمە لەگەڵ هیچ پارتێکی کوردیدا شەڕ ناکەین"، مەگەر لەوە ئاساییتر و ڕەواتر شتێک هەیە، پێویستە هەموو کوردێک ئەوە بڵێت، هەموو پارتە کوردییەکان ئەوە بڵێن، واتە ئەو هەڵوێستەی سەرۆکی یەنەکە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە بێگومان یەنەکە گەورە دەکەن، واتە ئەو هەڵوێستە واتایەکی نەتەوەیی هەیە.

ئەندامەی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە دەشڵێت: بافڵ تاڵەبانی لە ئایندەدا یەنەکە بەهێزتر دەکات ئەوە ئاشکرایە، بەڕێز مام جەلال تاڵەبانیش لە کاتی خۆیدا بە تورکیای وتبوو، هیچ شتێک ڕادەستی تورکیا ناکەین، ئێمە پشیلەیەکی خۆشمان نادەینە تورکیا، دیارە کوڕەکەشی لە سەر ڕێچکەی باوکییەتی ئەمە هەڵوێستێکی نەتەوەییە، تەنها پەیوەست نییە بە ئێمەوە، ئەوان خۆیان سیاسەتی حزبەکەیان بەو هەڵوێستانە ڕوون دەکەنەوە، لە ڕاستیدا پێویستە هەموو کوردێک بەو جۆرە بجووڵێتەوە.

News Code 223223

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha