لایەنە ئیسلامییەکان هاوپەیمانییەکیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- تاوەکوو ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی یەک لیست لەنێوان یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستاندا بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆڕی میدیایی ڕووداو بڵاوی کردەوە هەرچەندە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لە کەرکووک هاوپەیمانییەک لەنێوان یەکگرتوو و کۆمەڵدا هەبوو، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان تاوەکوو ئەمڕۆ ئەو دوو لایەنە سیاسییە هیچ رێککەوتنێکیان نەکردووە.

هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: "هاوپەیمانییمان تاوەکوو ئەمڕۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە، بەڵام پێشتر پڕۆژەیەکمان هەبوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناڕازییەکان و لەسەر ئەوە گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە هەبوو."

گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانیش دەڵێت، ئەوان گفتوگۆیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی لایەنە ئیسلامییەکان نەکردووە.

عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان وتی: "هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی نەبووە بۆ یەک لیستی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا."

لەبارەی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی، "بە تەنیا وەکوو حیزبێکی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دا دەکەین."

۳ـی ئاداری ۲۰۲۴ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی ۱۰ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.

لە خولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان ۱۱۱ کورسی بوو کە ۱۱ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ ۱۰۰ کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.

هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.

۱۰۰ کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراون:

 سلێمانی: ۳۸ کورسی

هەولێر: ۳۴ کورسی

دهۆک: ۲۵ کورسی

هەڵەبجە: ۳ کورسی

News Code 223197

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha