عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەولەویەتی ئەمریکادا نین

بەشی جیهان- جوئیل وینگ چاودێری پرسەکانی عێراق بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: لە ئێستادا عێراق لە ئەولەویەتی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکادا نییە و نایشیەوێت یارمەتی زیاتر بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەردانی ئەمدواییەی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی ناوبراو لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا، جگە لە جۆ بایدن و جێگرەکەی، ڕەنگدانەوەی زۆری هەبوو و ژمارەیێک لە میدیاکانی نزیک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کۆبوونەوانەیان بە نیشانەی پشتگیریی ئەمریکا لە هەرێم لەقەڵەمدا. لە لایێکی دیکەشەوە جێگیر کردنی سیستەمی بەرگریی مووشەکی لە لایەن ئەمریکاوە لە هەرێمی کوردستان لە بوودجەی ساڵی ۲۰۲۴ی ئەمریکادا پەسەند کراوە.

هەواڵدەریی کوردپرێس بۆ شیکردنەوەی ئەم گۆڕانکارییانە پرسیارێکی ئاراستەی جوئیل وینگ شرۆڤەکاری پرسەکانی عێراق کردووە و ناوبراو لە وەڵامدا ڕایگەیاند: نەک هەرێمی کوردستان و نەک عێراقیش لە ڕیزی یەکەمایەتییەکانی ئەمریکادا نین.

جوئیل وینگ لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە ئەمریکا دەیهەوێت سیستەمی بەرگریی مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، وتی: ئەمریکا بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی کە لە هەرێمی کوردستان جێگری کردوون بەنیازە سیستەمی بەرگریی مووشەکی لەو ناوچەدا جێگیر بکات.

ناوبراو لەبارەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکە لە پڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و واشنتۆن یارمەتی زیاتر بەو هێزانە ناگەیەنێت. لە ڕاستیدا، عێراق بەگشتی لە ڕیزی یەکەمایەتییەکانی ئیدارەی ئەمریکادا نییە.

جوئیل وینگ لەبارەی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بە هەواڵدەریی کوردپرێسی وت: ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەیان ساڵە کە پێوەندیی نزیکیان هەیە و کوردەکان یەکێکن لە باشترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. بە ئاوڕدانەوە لە بایکۆت کردنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق کە بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان بەڕێوەچوو دەتوانین بڵێیت کوردەکان باشترین هاوپەیمانی ئەمریکان لە عێراق.

چاودێری پرسەکانی عێراق لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە کوردەکان هۆگری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکان لە وڵاتەکەیان زیادی کرد: هەرێمی کوردستان لەوباوڕەدایە کە بوونی ئەو هێزانە دەتوانێت لەبەرامبەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا هاوسەنگیی هێز دروست بکات.

News Code 223187

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha