پارێزگاری کرماشان تاجەگوڵینەی لەسەر سێمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا

بەشی کرماشان- شاندێکی پارێزگای کرماشان بە سەرپەرشتیی پارێزگاری کرماشان، گەیشتە هەڵەبجە و لەلایەن ئازاد تۆفیق، پارێزگار و نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە پێشوازییان لێکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەد تەییب سەحرایی پارێزگاری کرماشان لە سەرەتای سەردانەکەیدا بە یاوەریی ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە سەردانی مۆنۆمێنتیان کرد و  تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفای لەسەر پەیکەری عومەری خاوەر وەک سێمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا و بەشە جیاجیاکانی مۆنۆمینتی بەسەرکردەوە.

پاشان هەردوو پارێزگار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیی هاوبەشدا وردەکاریی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو؛ ئازاد تۆفیق ڕایگەیاند: ''کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازان، پەیوەندیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵیی هەڵەبجە و کرماشان و وەبەرهێنانی هاوبەش.''

بەگوتەی پارێزگاری هەڵەبجە، هەردوو لا یاداشتێکیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش واژۆکردووە، بۆ ئەوەی بە سەرپەرشتیی قایمقامی کرماشان و هەڵەبجە و بە ئەندامیێتیی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، شارەوانی و گەشتوگوزاری هەردوولا، هەوڵبدرێت لە شەش مانگی داهاتوودا کاری دەروازەی سنووریی سازان، وەبەرهێنان و پەیوەندیی کشتوکاڵیی نێوانیان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بخرێتە خزمەت خەڵکی هەردوو پارێزگا.

هاوکات محەممەد تەیب سەحرایی گوتی، سەردانەکەی شاندەکەیان، پەیوەندیی بە هاوکاریی ئابووری، ئاوەدانکردنەوە، هاوکاریی گومرگی و کشتوکاڵییەوە هەیە.

وەک پارێزگاری کرماشان ئاماژەی دا، بەگوێرەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ گەشەپێدان و بەدواداچوونی هاوکارییەکانی نێوان پارێزگای کرماشان و هەڵەبجە پێکدەهێنرێت، کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوانیان دەکات.

محەممەد تەیب سەحرایی ئەوەشی خستەڕوو، ''پێشنیازمان کردووە؛ هەر شەش مانگ جارێک بە ئامادەبوونی هەردوو پارێزگار، کۆبوونەوەیەک بکرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بکرێت".

پارێزگاری کرماشان جەختی لەوە کردەوە: ''ئێمە لەو باوەڕەداین سنووری هاوبەش دەرفەتێکی باشە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان کرماشان و هەڵەبجە".

لەبارەی کردنەوەی دەروازەی سنووریی سازانیشەوە گوتی، ''دەبێت حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ڕەزامەندی خۆی لەسەر ژمارەی دەروازەکانی نێوان پارێزگای کرماشان و پارێزگاکانی دراوسێی لە عێراق بدات".

News Code 223181

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha