کوردپرێس
له ماوەی ڕابردوودا چەند بڕیاری گرینگی دادگای فیدراڵی لەسەر چەند پرسی گەورەی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی زەقی ئابووری و سیاسی و یاسایی بەدوای خۆیدا هێناوه. بۆیه پێدەچێت ئێستە دادگا دەوری سەرەکیی له گۆڕینی ئاراستەی سیاسی و یاسایی له هەرێمی کوردستان دەبێت. ئایا شتی زیاتریش له دادگای فیدراڵەوه بەڕێوەیه؟ بەتایبەت که به نافەرمی گوێمان لێبووه که گوایه دادگا نوێنەرایەتییەکانی هەرێم له دەرەوی وڵاتی به نایاسایی زانیوه.
غالب محەمەد ئەندامى پێشووی پەرلەمانى عێراق لەمبارەوە بە کوردپرێسی وت: لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یەکەم ئێمە چەندین سکاڵامان هەبوو لە دادگای فیدراڵی و خۆشبەختانە بەشێکی زۆری سکاڵاکانمان بردۆتەوە یەکێک لەو سکاڵایانە کە تا ئێستا ماوە سکاڵای مەسەلەی پلەبەرز کردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. بە ڕاستی بەپێی دەستووری عێراقی، هەرێم ناتوانێت لەدەرەوە نوێنەرایەتیی هەبێت چوونکە هەر بەپێی دەستووری عێراقی ئەتوانێت نوێنەرایەتیی هەبێت بەڵام لەناو سیفارەتی عێراقدا. واتا لەناو سفارەتی عێراقدا بەشێک دەبێت بکرێتەوە بۆ هەرێم و حکوومەتی عێراقی دەبێت لە هەموو سفارەتێک و کونسوڵخانەیەکی خۆیدا بەشێک بکاتەوە بۆ ئەو هەرێمانەی کە ناو عێراقدا دروست دەبن یان دروست بوون بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی خۆیان لەوێ تەسبیت بکەن. هەر لەبەر ئەمانەش ئەمە یاسایی نییە کە هەرێم بتوانێت نوێنەرایەتیی خۆی هەبێت و ئەو نوێنەرایەتییانەش کە هەیەتی هەموویان بۆتە شوێنی تەجەسوس لەسەر ئەو کەسانەی کە موعارزەی دەسەڵاتی هەرێمن. هەر لەبەر ئەمەش باشتر وایە ئەو نوێنەرایەتییانە نەمێنێت و ببنە لقێک لەناو سفارەتەکانی عێراق چوونکە تێچوویەکی زۆریان هەیە و هیچ سوودێکیچیان بۆ ئێمەی هاووڵاتیی کورد نەبووە.
دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەدی ئەکرێت. یەکەم ڕوانگەی ئەو کەسانەیه کە بڕیارەکان لەبەرژەوەندیی هاوڵاتییانی هەرێم دەزانن و پێشوازیی لێدەکەن. دووهەم ئەو خەڵکانەن که خوێندنەوەی نەرێنییان بۆ بڕیارەکانی دادگا هەیه و به لێدان له قەبارەی هەرێم تەفسیری ئەکەن و تەنانەت گوێمان لێبووە دادگای ئیتحادی به "دادگای ثوره" ناو دەبەن، غالب محەمەد لەمبارەوە وتی: تەبعەن مەسعوود بارزانی و عائیلەی بارزانی هەر کاتێک دادگای فیدراڵی لە سوودی ئەوان بڕیار بدات دادگایەکی فیدراڵی یاساییە و هەر کاتێک قەرارەکان لە قازانجی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەوان نەبێت ئەو کاتە دەڵێن دادگایەکی نادەستوورییە؛ هەر بۆ زانییاریی ئێوە ئەو مەحکەمە لە چەند دادوەرێک پێکهاتووە کە دوو لەوان کوردن یەکیان پارتییە و ئەویشی دیکەیان یەکێتییە. ئەگەر ئەو دادگایە دادگایەکی نادەستوورییە بۆچی کادیری خۆیان تێدا هەڵدەبژێرن و بۆچی قانوونی خۆیان دەنێرنە ناو ئەو دادگایە.
ناوبراو زیاتر ڕایگەیاند: دادگاکە ئەتوانێت تەفسیری دەستوور بکات، لە کاتی خۆی کاتێک کە ئەمریکا هاتۆتە عێراق، ئەم وڵاتەی لەسەر موئەسیساتی خۆی داناوە هەر لە ئەمریکایش لەبەر ئەوەی کە ئەو وڵاتە فیدراڵییە دادگای فیدراڵیی هەیە. لەبەر ئەوەش کە ئێمەیش فیدراڵین و هەرێممان هەیە دەبێت دادگای فیدراڵی هەبێت و ئەم دادگایە تەفسیری دەستوور دەکات و هەر هەرێمێک یان وەزیرێک یان حکوومەتێک کێشەیەکیان هەبێت لەگەڵ یەکتردا ئەبێت پرسیار لە مەحکەمەی ئیتیحادی بکەن. لەبەر ئەمەش دادگاکە ئەگەر بڕیارەکانی لە قازانجی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە دەڵێن نادەستوورییە و ئەگەر لە قازانجی حکوومەت بێت ئەڵێن دەستوورییە.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی یەکلاکەرەوەن و دەبێت بەپێی یاسا هەموو لایەنەکان پێبەندی بن. له لایێکی دیکەشەوە هاوسەنگیی هێز و دەسەڵاتی سیاسی له نێوان چەند حیزبێک و له سەرووی هەموویانەوه له نێوان پارتی و یەکێتی هەر کۆنەوه جێگیر بووه و پێدەچێت گۆڕینی ئەو ئاراستەیه زۆر زەحمەت بێت. لەمبارەوە غالب محەمەد بە کوردپرێسی وت: دەبێت هەموو لایەک پێبەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بن لەبەر ئەوەی کە ئەم مەحکەمە ئەو دادگایەیە کە تەفسیری دەستوور ئەکات کە واتا بڕیارەکانی وەکوو دەستوور وایە. کەس ناتوانێت جێبەجێی نەکات و لە عێراقیشدا بینیمان هەر ئەم دادگایە کاتی خۆیدا شیعە سکاڵایان بۆ برد داوایان کرد هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام ئەو هەڵینەوەشاندەوە و ئەوانیش هەموویان ئیلتیزامیان پێوەی کرد.
ناوبراو وتیشی: لەچەند بڕیارێکیشدا کە دادگای فیدراڵی دەری کرد لە قازانجی موقتەدا سەدر نەبوو بەڵام ئەو لە کۆتاییدا ئیلتیزامی پێوەی کرد. ئەم دادگایە بۆتە چەترێک بۆ عێراق و ئەم وڵاتە نابێت بێچەتر بێت و هەموومان دەبێت ئیلتیزامی پێوە بکەین بەتایبەتی لەو بڕیارانەدا کە لە قازانجی کوردە بۆ ئێمە دەبێت بین قسەی لەسەر بکەین. بۆ نموونە مووچەی ۱ ملیۆن و ۲۰۰ هەزار کەس دەخاتە سەر عێراق بەبێ ئەوەی کە داهات تەسلیم بکەین لەبەر ئەمانەش ئیلتیزام کردن بەم دادگایە زۆر گرینگە. بۆ نموونەیەکی دیکەش ئێمە ۱۱ کوسی کۆتامان هەبوو بەڵام لە ڕاستیدا کۆتا نەبوون و عائیدی پارتی بوون و قەرارەکانی پارتی لەگەڵی بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆتا نابێت لەسەر ئەساسی نەتەوە بێت و دەبێت لەسەر ئەساسی مەزهەب و دین بێت و کە واتە ئەمە دەبێت لەنێو عێراقدا بێت و ئیتر پێویست ناکات لەناو هەرێمەکەیشدا هەبێت لەبەر ئەمانەش ئەم کورسییانە دەستووری نەبوون و پارتی بۆ خۆی دروستی کردبوو.
غالب محەمەد لەبارەی دادگای ئیتحادی و بڕیارەکانی ئەمدواییەی ئەو دادگایە زیادی کرد: هەموو دادگایەک و هەموو قەزایەک بەپێی دەستووری خۆی دەڕوات بۆ نموونە مەوادی وا هەیە لە هەندێک وڵاتدا بەدەستەوە بیگرن ئیعدامی لەسەرە بەڵام لە وڵاتێکی دیکە لە پاڵی ئەودا کەسی وا هەیە هەر ئەو مەوادە زەرع دەکات. ئەم مەحکەمەی ئیتیحادییەش بۆ عێراقە و ئەو دێت تەفسیری دەستووری عێراق دەکات. ئێمەش کاتی خۆی هەموومان دەنگمان داوە پێی و ئەو سەرکردانەش کە ئێستا قسە بە دەستووری عێراق و دادگا دەکەن لە ۲۰۰۵دا وتیان ئەوەی کە لەاو کورددا دەنگی پێنەدات خائینە ئێستا بۆچی کە دەستوور جێبەجێ دەکات و ئیلتیزامی پێوە دەکەین دووبارە دەبمە خائین!.
غالب محەمەد لە کۆتاییدا بە کوردپرێسی وت: بەڕاستی زۆر زۆر سەیرە ئێستا کە مەحکەمە ئیتیحادی تەفسر بۆ ئەو مەوادانەی کە هەیە و تەفسیرەکەیشی وازحە و ئێمەیش ئێستا دەوڵەتێکی فیدراڵین و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدایە، کە وایە دەبێت ئیلتیزام بە بڕیارەکانی مەحکەمەکەشی بکات. ناکرێت لە کاتی قازانجدا قبووڵی بکەیت و لە کاتی زەرەردا بڵێی من قبووڵی ناکەم. بەڕای من ئەم دادگایە توانیویەتی بەشێک لەو حەقانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەرگرێت کە هەم لە لایەن دەسەڵاتانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشەوە خوراون.
Your Comment