بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، پێشوازی لە دیاریکردنی ١٠ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دەکەن و هەروەها پاڵپشتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازادانە و دادپەروارانە لە هەرێم دەکەن.
شایانی باسە سەرۆکایەتیی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد و بڕیارە لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.
دوای بڕیارەکەش، هەریەکە لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا و بەریتانیا لە هەولێر رایانگەیاند، پێشوازی لە دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن و دیموکراسییەت پێویستی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەیە.
هاوکات، کونسوڵخانەی ئەمریکا و فەڕەنسا لە هەولێر ڕایانگەیاند، پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەن لە هەرێم. نەتەوە یەکگرتووەکانیش وتی، "چاوەڕوانی ئەوەین چیدیکە ئاستەنگ بۆ هەڵبژاردنەکە دروست نەکرێت".
Your Comment