نێچیرڤان بارزانی سەردانی تورکیا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مڕۆ هه‌ينى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان بە مەبەستی بەشداری کردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا سەردانی تورکیا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چه‌ند ديدار و کۆبوونه‌وه‌يه‌کى له‌گه‌ڵ ژماره‌يه‌ک له‌ به‌شدارانى کۆڕبه‌نده‌که‌دا ده‌بێت و لەبارەی په‌يوه‌ندييه‌کان و دۆخى ناوچه‌که‌ به‌گشتى، گفتوگۆ ده‌که‌ن.

حکوومەتی تورکیا بۆ کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا بانگهێشتی ۱۹ سەرۆک و سەرۆکوەزیر، ۷۳ وەزیر کە زۆربەیان وەزیری دەرەوە و وزەن، ۷۳ سەرۆک و نوێنەری رێکخراو و ئاژانسی کردووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو ۱۹ سەرۆکەیە کە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە بانگهێشت کراوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکەدا.

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەڕێوەدەچێت و ۵۲ پانێڵ لەخۆی دەگرێت. گوتاری دەستپێک لە لایەن هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشکێش دەکرێت و دواتر ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتارێک پێشکێش دەکات.

ئەو مژارانەی لە کۆڕبەندەکەدا تاوتوێ دەکرێن بریتین لە هەژاری لە جیهان، کۆچی نایاسایی، کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، پەتاکان، هەڕەشەی گرووپە پەڕگیرەکان، تیرۆر، ئیسلامۆفۆبیا، جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین، مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد، هەواڵی ساختە و شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی، قووڵبوونەوەی جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند.

News Code 223124

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha